چەند موشەكێك ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغداد كران

لڤین: كەمێك لەمەوبەر چەند موشەكێك لە ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتنەخوارەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە شارەكە زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێداوە.

لەدوای كەوتنە خوارەوەی موشەكەكانیش هێلیكۆپتەری ئەمریكا بە ئاسمانی ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانە كەیاندا دەسووڕێنەوە و چاودێریی ناوچەكە دەكەن.

یەکێک لە موشەکەکان لە نزیک بارەگای ئاسایشی نیشتمانی و یەکێکی دیکەیان لە نزیک کۆشکی (سجود) کەوتووە و زیانی بە چەند ئوتۆمبێلێک گەیاندووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، ژمارەی موشەكەكان دوو موشەك بوون و هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە. هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە.

پەیامنێری رووداو لە بەغدا باسی لەوە كرد، بەهۆی ئەو دووكەڵەی بەرزبووەتەوە، ئەمبووڵانس و هێزە ئەمنییەكان بەرەو باڵیۆزخانە چوونە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری رووداو و ئەو وێنانەی بۆ رووداو نێردراون، یەكێك لە مووشەكەكانی ئاراستەی ناوچەی سەوزكراوە بەر گەراجی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كەوتووە و زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێك گەیاندووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button