وەزیری دارایی عێراق:ناچمە بەردەم جێگری سەرۆکی پەرلەمان، داوادەکەم متمانەم لێوەربگرنەوە

لڤین: 

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕینی نرخی دراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێکراوە و ڕەتیدەکاتەوە بچیتە بەردەم پەرلەمان و داواش دەکات سەرۆکی حکومەتی عێراق ئەو داوایە پەسەند نەکات. 

عەلی عەلاوی، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە دەڵێت، ناچمە بەردەم جێگری سەرۆکی پەرلەمان، داوادەکەم متمانەم لێوەربگرنەوە.

وەزیری دارایی بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وتووە: رەتی دەکەمەوە حکومەت لەڕێگەی تویتی سەرکردە سیاسییەکانەوە بەڕێوە ببرێت.

دەقی نامەکە:

دوێنێ بانگھێشتکردنێکم لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە پێگەیشووە بۆ ئەوەی سبەینێ بچمە بەردەمی بۆ قسەکردن لەبارەی بەھای دراو. ئاشکرایە بانگھێشتکردنمان لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە دوای تویتێکی سەید موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر ھات کە خودی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەر بەو رەوتەیە.

وای دەبینم کۆی پرۆسەکە قبوڵکراو نییە، ناکرێت بێدەنگ بین بەرامبەری، چ بۆ شکۆی حکومەت چ بۆ شکۆی وەزیرو شکۆی تایبەتی من و خێزانەکەم، بەپێویستی دەزانم ئەم چەند خاڵە رونبکەمەوە:

یەکەم: ئەم حکومەتە بەرپرسیار نییە لەبەردەم ھیچ حزبێکی سیاسیدا، بەڵکو بەرپرسیارە لەبەردەم گەلی عێراقی لەڕێی پەرلەمانە ھەڵبژێردراوەکەیەوە، ئەگەر وەکو حکومەت ئەم دەستوەردانە ناشیرینەی چەند حزبێکی سیاسی لە کاروباری حکومەت رەتنەکەینەوە، ئەوا سازش دەکەین لەسەر سەربەخۆیی حکومەت وەکو باڵی جێبەجێكاری دەوڵەت، لێرەدا پرسیار لەسەر دیاریکردنی رۆڵی حکومەت دێتە ئاراوە کە ئایا نوێنەرایەتی گەل دەکات یان باڵی جێبەجێکاری حزبە سیاسییەکان، لەبەر ئەوە من بە تەواوەتی بانگھێشتەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتدەکەمەوە، چونکە ئاشکرایە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانیەتی ھەروەھا بەتەواوەتی رەتی دەکەمەوە حکومەت لەڕێگەی تویتی سەرکردە سیاسییەکانەوە بەڕێوە ببرێت، بەبێ رەچاوکردنی ئاستی جەماوەرێتی و پێگەیان.

دووەم: من وەزیری لە وەزارەتێکی خاوەن سەروەریی، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لە سایەی بارودۆخێکی زۆر سەختدا کارمکردووە، باوەڕموایە سەرکەوتووبووم لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی وڵات و چاودێریکردنی ئابورییەکەی بەرەو ئاستێک لە سەقامگیری، لەم پرۆسەیەدا پێویست بووە لەسەرم ژمارەیەک بڕیاری قورس بدەم، یەکێک لەوانە بانگەوازی بەھێزم بۆ دەستکاریکردنی نرخی دراو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە بە سانایی نەدرا، بڕیارەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی عێراق و حزبە سیاسییەکانەوە پشتیوانی لێکرا، لە دوو کۆبونەوەی جیادا لەگەڵ سەرکردەکانیان. ئەم بڕیارە بە ئاشکرا لە بودجەی ٢٠٢١دا ھاتووە کە پەرلەمان لە شوباتی ٢٠٢١ پەسەندی کرد. ئەوکات رونمکردەوە کە باجی دەستکاریکردنی دراو خێرا دەبێت، بەڵام سودەکانی لەماوەیەکی مامناوەندو درێژدا دەردەکەوێت.

لەپێناو پاراستنی ھەژاراندا، لە بودجەی ٢٠٢١دا بڕێک پارەی زۆرم بۆ ھەژاران و لێقەوماوان تەرخانکرد کە بڕەکەی نزیکەی (٣ ترلیۆن) دینار بوو بۆ ئەوەی لەڕێگەی وەزارەتی کارەوە خەرج بکرێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن پەرلەمانەوە لە بودجەی کۆتایدا کەمکرایەوە. دوای تێپەڕینی ساڵێک دەتوانین ئێستا ھەڵسەنگاندن بۆ سودەکانی دەستکریکردنی نرخی دراو بکەین کە چەندین سودی زۆر راستەقینەبوون، بەڵام ئەوەی ئێستا ھەمانە بریتییە لە بەسیاسیکردنی نرخی دراو و بکرێت بە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەمەش درۆیەکی بەئەنقەستەو پێویستە گەل ئاگاداری بێت. نرخی نێودەوڵەتی ھەموو شمەک و گواستنەوەی بەشێوەیەکی گەورە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، گەنم و زەیت و شەکرو پەین نرخەکانیان چەندین ھێندە بەرزبووەتەوە، ئەمەش پەیوەستە بە داڕمانی زنجیرەی ھاوردەکردنی جیھانییەوە، ھیچ پەیوەندییەکی نییە بە دەستکاریکردنی نرخی دراوەوە لە ساڵی رابردوودا. لەبری سەرەنج خستنەسەر ھۆکاری راستەقینەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، خەڵک لەبارەی نرخی دراوەوە بە وڕێنەوە سەرقاڵ دەکرێت، بەوپێیەی ئەمە سەرچاوەی زیادبوونی خەرجی بژێوی بووە کە ساڵی رابردوو بینیمان.

ئامادەم بەرگری لە ھەڵوێست و سیاسەتی ئابوری و دارایم بکەمە لەبەردەم کۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا نەک لەبەردەم گروپێکی دیاریکراوی پەرلەماندا، بۆیە داوا دەکەم بەگوێرەی دەستوری عێراق مومارەسەی مافەکانم بکەم، ھەوڵئەدەم بۆ دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لێم لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم مافەم ھەیە بەگوێرەی ماددەی ٦١/٨ی دەستور “ناکرێ پرسی متمانەدان بە وەزیر بخرێتەڕوو ئەگەر لەسەر بنەمای ویستی خۆی نەبێ یان بەداواکارییەکی ئیمزاکراو نەبێ لەلایەن ٥٠ پەرلەمانتارەوە…”.

ئەمڕۆ نوسراو ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەم و داوادەکەم دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانەم بەزوترین کات بەڕێوەبچێت ھەروەھا داوای لێدەکەم یەک کاتژمێر مۆڵەتم بدات پێش دەنگدانەکە سیاسەتەکانم لەبەردەم پەرلەماندا روون بکەمەوە.

سێیەم: لەوکاتەوە کە لە حکومەتدا بووم، رووبەڕووی شەپۆلێک لە ھێرش و لێدانی کەسی بومەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسییەکان و ھەندێک لەوانەی خۆیان بە چاودێری سیاسی و کۆمێنتاری راگەیاندن دەناسێنن، ئەو ئازارەم پشتگوێ خست کە بەو ھۆیەوە پێمدەگەیشت، ئەویش لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای درۆ یان ھەڵبەستن یاخود نەزانی یان شڵەژانێکەوە سەرچاوەی گرتبوو، لەگەڵ ئەمەشدا کاتێک سەرکردەی حزبێکی سیاسی گەورە وەکو یەکێک لە شوێنکەوتووەکانی مامەڵەم لەگەڵدا دەکات، پێویستە لەسەرم بەتەواوەتی رەتی بکەمەوە، دەزانم سەدرییەکان دەنگیان بۆدام کاتێک بۆ یەکەمجار بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی کاندید کرام و لە چەندین قەیراندا پاڵپشتم بوون یەکێک لەوانە بەرگریکردن بوو لە دەستکاریکردنی نرخی دراو، بە ئازادییەوە دان بەوەدا دەنێم، بەڵام ئەمە ئەو مافەیان پێ نابەخشێ وەکو خزمەتکارێک قسەم لەگەڵ بکەن.

لە کۆتایدا ھێرشەکان بۆسەرم بەردەوام بوون بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر خێزانەکەم دروست بکەن، من بە رەچەڵەکی خێزانەکەمەوە خۆم بانادەم کە زۆری بەم وڵاتە بەخشیوە، ئێمە لە سەدان ساڵەوە لە بەغداد ژیاوین، وەک خێزانی عەلاوی لەسەربەخۆیی عێراقەوە لە ھەر خێزانێکی تر زیاتر وەزیرمان بە حکومەتەکان بەخیشوە کە شەش وەزیرو یەک سەرۆک وەزیران بووە، ئەگەر خێزانە نزیکەکانیش لە ئێمە حساب بکرێت وەکو خێزانی چەلەبی ئەوە ژمارەکە چوار وەزیری ترو یەک جێگری سەرۆک وەزیرانیشی بۆ زیاد ئەبێ، مامی گەورەم حسێن عەلاوی واژۆی لەسەر یاداشتی ھێنانی فەیسەڵی یەکەم بۆ عێراق کردووە، خێزانەکەمان بەتەواوەتی عێراقین و جیاوازی لەنێوان شیعەو سوننەو مەسیحی و ئێزدیدا ناکەین، جیاوازی لەنێوان کوردو عەرەب و تورکماندا ناکەین، لە چواردەورەکەم کوردەکان پاسەوانیم دەکەن، سکرتێری تایبەتم لە برایانی سونەیە، نوسینگەکەم لە وەزارەت خانمێکی شیعەی خاوەن بیروڕای ئاینیی بەرز سەرۆکایەتی دەکات، ئێمە باس لە فرەڕەنگی ناکەین، تێیدا دەژین، چەندان سەدەیە لایەنگری مەرجەعیەت بووین، رێز لە خێزانە ئاینییەکانمان دەگرین، ھیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەم بە گەندەڵی یان پێشێلکاری پیس نەبوون، خزمەتی راستەقینەیان کردووە بەبێ گوێدانە پاداشت و جیاکاری، ھیوادارم ئەو رێبازە دورو درێژەم گەیاندبێت، واز لەم وڵاتە ناھێنین بەھۆی گوشارو ھەڕەشەوە، ھەمیشە دژی ستەمکاریی وەستاوینەتەوە بە ھەر جۆرێک بووبێت و بەردەوامیش دەبین.

عەلی حەیدر عەبدولئەمیر عەلاوی



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button