مەزڵوم کۆبانێ: دەبێت حکومەتی سوریا وەک خۆی هێزە سەربازیەکانمان قبوڵ بکات

لڤین: 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ڕێگەنادەن جارێکی تر بارودۆخی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ دواوە بگەڕێتەوە، دەبێت لەڕووی دەستوورییەوە پەسەند بکرێت.

مەزڵوم کۆبانی لەلێدوانێکیدا بۆ (پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان) لەبارەی دانوستانەکانی نێوان خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سوریا رایگەیاند، ئەگەر بێت و کێشەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوڕات چارەسەر بکرێن، ئەوە کێشەکانی سوریا خۆبەخۆ چارەسەر دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەبارەت بە پرسی سەربازیی (هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان) دەبێت رژێمی سوریا وەک خۆی قبووڵیان بکات، بەڵام هێشتا دیمەشق ئەو هەنگاوەی نەناوە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە لوتوشیەتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و نەپچڕاوە، دەشمانەوێت کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووین ئەوەیە کە حکومەتی ئەسەد لەئێستا بۆ ئەو چارەسەرە ئامادە نییە، بەوپێیەی ڕژێم دەیەوێت لەپێگەی سەرکەوتووەوە گفتوگۆ بکات و بڕیارەکانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، واتە گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵی 2011.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا، باسی لەوەکردووە هەسەدە پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دەرەوە هەیە، وەک پلاتفۆڕمی قاهیرە و مۆسکۆ، ئەوە جگە لە چەند کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی سوریی، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمین نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button