“لە هەرێمی كوردستان 10 ملیاردێر و نزیكەی 8 هەزار ملیۆنێری دۆلار هەیە”

لڤین:
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان 10 ملیاردێر و نزیكەی 8 هەزار ملیۆنێری دۆلار هەیە، كە سامانەكانیان بە پارەی كاش و موڵك و ماڵەوە لەسەروو 5 ملیۆن دۆلارەوەیە.
مەلا یاسین مەحمود، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئێستا لە هەرێمی كوردستان 10 ملیاردێری دۆلارمان هەیە، كە كەسایەتی و كۆمپانیان و سەرمایەكانییان بە موڵك و ماڵەوە لەسەرووی ملیارێك دۆلارەوەیە، هەروەها 7 بۆ 8 هەزار ملیۆنێریشمان هەیە كە سامانی هەر یەكێكیان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەبەراورد بە ساڵی 2013 كەمبووەتەوە”.
ئەو وتیشی: حەوت لەو ملیاردێرانەی دۆلار لە پارێزگای هەولێر و دووانیان لە سلێمانی و یەكێكیشیان لە پارێزگای دهۆكە” بەبیریشی هێنایەوە لە ساڵی 2013دا لە هەرێمی كوردستان 13 ملیاردێری دۆلار هەبوون، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار ملیۆنێر، كە سامانی هەر یەكێكیان لە 5 ملیۆن دۆلار بەسەرەوەبوو، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە 30٪ی سەرمایەی سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران کۆکاری کەمبونەوەی سەرمایەیە ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد وتی: بەهۆی قەیرانی دارایی و قەرزی سەرمایەداران و كشاندنەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی حكومەت لای سەرمایەداران بووە، ئەوە جگە لە دابەزینی نرخی نەوت و نەمانی نەختینە و بەستنی سەرمایەی سەرمایەداران و چەندین هۆكاری دیكە.