کامیان بکەین!؟

ئەو پیلانگێڕییەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەسەر پەراوێزی ئازادیی کاری میدیایی و کەسانی ئازادییخوازدا کردی، هەر تەنها دژی ئەوان نەبوو، بەڵکو لە سادەتریین واتادا هەوڵێکە بۆ چاوترساندنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتیی و بادینان بەتایبەت، کە ئەوە ئایندەیی هەموو ئەوانە دەبێت ئەگەر دژی حکومەت و نادادیی دەسەڵات بووەستنەوە.
بەواتایەکی دیکە، دەسەڵات بۆ بەهێزکردنی پایەکانی پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی لاواز و بێ ئیرادە و کپکراو هەیە، کە بەهەموو شتێک ڕازیی بێت، واتە دەسەڵاتی بەهێز لە کۆمەڵگەی لاوازدا دروست دەبێت، خۆ ئەگەر کۆمەڵگە خاوەن ئیرادە و هەڵوێست بێت، ئەوا دەسەڵات ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، بۆیە هەرکاتێک تروسکاییەک هەڵوێست لە کۆمەڵگەدا سەرهەڵبدات، بێ شک دەسەڵات هەموو میکانیزمێک بۆ دامرکاندنەوەی دەگرێتەبەر.
دۆخەکە لەوە تێپەڕبووە باسی دادگەریی و سەروەریی یاسا بکەین، چونکە بناغەی داڕشتنەوەی یاساکانیش بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانە، یاسا تا ئەو شوێنە ڕۆڵی هەیە کە سنوورەکانی دەسەڵات تێپەڕ نەکات، دەسەڵاتیش تا ئەو شوێنە کار بەیاسا دەکات کە بەقازانجی بەرژەوەندیی خۆی بێت، وەگەر نا، یاسا لە پرۆسەیەکی عەسکەرتاریی و سیاسییدا دەتوانێت چ ڕۆڵێکی هەبێت، وەک ئەوەی لە شانۆگەریی دادگاییکردنی ئازادیخوازانی بادیناندا بینیمان.
لەم سەروبەندەدا چیرۆکەکەی سۆقراتم هاتەوە بیر؛
كاتێک سوقرات حوكمی مهرگی بهسهردا دەدرێت، خوێندکارەکانی دهرفهتێكیان له زیندانهكهی دا بۆ قۆستهوه له ڕێگهیهوه دهیانتوانی دهربازی بكهن، بهڵام ئهو رازیی نهبو و پێیوتن “من ئازاد مهكهن، بهڵكو ئهو یاسایانه بگۆڕن كه منیان له زیندان ناوه”.
ئەی ئێمە دەتوانین كامهیان بكهین؛ ئازادیخوازان له بهندینخانه ڕزگار بكهین؟ یان یاسا و سیستمەکە بگۆڕین؟ یان هیچیان نهكهین و ئەم کەیسەش بدەین بەدەم ڕەشەبای ئەو ڕۆژەڤە ساختانەی ئەم دەسەڵاتە لە سۆشیال میدیاوە دروستی دەکەن بۆ نەهێشتنی سەرنجمان لەسەر پرسە جددییەکان، وەک هەمیشە دەست لەسەر ئەژنۆ دانیشین و دەست بە کڵاوە ڕزیوەکانمانەوە بگرین با نەیبات؟
