ڕێککەوتنەکەی پەکەکە و تورکیا!

لەم ڕۆژانەدا گوێم لە گفتۆگۆیەکی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی بوو لەگەڵ یەکێک لە میدیاکانی حزبەکەیان، پێشکەشکارەکە پرسیاری ئاراستەکرد لەسەر ئەوەی قسەی چییە لەسەر شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان، کاک فازڵ لە وەڵامدا وتی؛ “گومانم لەو شەڕە ھەیە، چونکە پەکەکە دێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و تورکیاش بەدوایدا دێت”. کاک فازڵ بەڕاشکاویی نەیوت کە ڕێککەوتن لە نێوان پەکەکە و تورکیا ھەیە، بەڵام مەبەستەکەی ھەر ئەوەبوو تورکیا و پەکەکە بە ڕێککەوتن ئەم شەڕە دەکەن بۆ ئەوەی ئەزموونی باشوری کوردستان لەناو ببەن، چونکە لە دیدی کاک فازڵەوە ئەم شەڕە ھۆکارەکەی پەکەکەیە کە تورکیا دێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان.

باشە کاک فازڵ با بڵێین قسەکەی تۆ ڕاستە و پەکەکە سوپای تورکیا پەلکێش دەکات بۆ باشوری کوردستان، گریمان ئەو ڕێککەوتنەشی کە تۆ باسی دەکەیت ھەیە، بەڵام خۆ دەبێت ئەوەش بپرسین ئەی بۆچی پارتی لەو ھێرشانەدا ھاوکاریی سوپای تورکیا دەکات؟ مادام ھێندە بەتەنگ ئەزموونی ھەرێمی کوردستانەوەیە بۆچی لە ھەواڵگرییەوە بگرە تا خۆشکردنی زەمینەی ھێرشکردن، ھاوکار و ھەماھەنگی سوپای تورکیان؟ ئێ ئەگەر قسەکەی تۆ وابێت خۆ دەبێت ئێوە کە خۆتان بە خاوەنی باشوری کوردستان دەزانن، پێش ھەموو کەس دژی ئەو ھێرشانە بووەستنەوە، بەڵام ئێمەی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیی و ئابووریی و سەربازییدا پێچەوانەی ئەمە دەبینین.

لەڕاستییدا ئەوەی ئێمە لە واقعدا دەیبینین، تورکیا پێویستی بە پەکەکە نییە بیھێنێتە باشوری کوردستان، بەڵکو ئێوە ھەرخۆتان باشورتان لەڕووی ئابووریی، سیاسیی، کەلتووریی و سەربازییەوە لەسەر سینییەکی زێڕین ڕادەستی تورکیا کردووە، بۆ نموونە؛

*ئێوە ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەتان لەگەڵ تورکیا ئیمزاکردووە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی ھەرێمی کوردستانتان لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی تورکیا کردووە.

*ئێوەبوون ساڵی ٢٠١٥ ئەوکاتەی کورد و ھەدەپە لە باکوری کوردستان لە ھەستیارترین قۆناغدابوون، سەرۆکەکەتان بە شانازییەوە دوای ئەردۆغان دەکەوت و بەناو شارە کوردییەکاندا بانگەشەی ھەڵبژاردنی بۆ دەکرد.

*ھەر ئێوەن ڕێنوێنیی تورکیاتان کردووە بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بێتە ناوچەکانی کانی ماسێ، بامەڕنێ، برادۆست و بادینان، تەنانەت ئێوە بە ئاشکرا و بەنھێنیی ھەماھەنگیی ھەواڵگریی تۆکمەیان لەگەڵ دەکەن.

*ھەر حکومەتەکەی ئێوە نییە ھەرێمی کوردستانی کردووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای تورکیی و بڵاوکردنەوەی بیر و کەلتوور و زمانی تورکیی لەڕێگەی میدیا و خوێندنگە و زانکۆ تورکییەکانەوە.

دنیابینیی کاک فازڵ و ھاوبیرەکانی دیکەی دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی بنەڕەتییەوە، ئایا پەکەکە لاواز ببێت یان لەناوبچێت چارەنووسی پەدەکە چی لێ دێت؟ ئایا بیریان لەوە کردۆتەوە؟ ئایا چارەنووسی پەدەکە ھەمان ئەو چارەنووسە نابێت کە لە ساڵی ١٩٧٥لە دوای ڕێککەوتنی جەزائیرەوە توشی بوو؟ ئایا جوڵانەوەیەکی وەکو پەکەکە کە لە ئێستادا گەورەترین جوڵانەوەی سیاسی کوردستانە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ھەرچوار لای کوردستان و دەرەوە ھەیە، لاواز ببێت، چی سوودێکی ھەیە بۆ دۆزی کورد؟ ئایا دۆزی کورد قازانج دەکات یان زیانی بەردەکەوێت؟ ئایا بیریان لەوە کردووەتەوە کە مەزنبوونی پەکەکە و ھەنگاوەکانی پەکەکەیە تورکیا و حکومەتی ئاکەپەی ناچار کردووە، کە زیاتر گرنگی بە بەرزانی و پەدەکە بدەن؟ لاوازبوونی پەکەکە بەھای ئەوانیش کەم دەکاتەوە و ڕەنگە لە نزیکترین کاتدا دەستبەرداری پەدەکە ببن!.

بەھەر حاڵ نامەوێت زیاتر لەسەر ئەو بەرنامەیە قسە بکەم، ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە ئەو نەفەسەی کاک فازڵ قسەی پێدەکرد ھەمان ئەو نەفەسی ئەو زنجیرە وتارانەیە، کە ڕاگەیاندنەکانی پارتی لە ساڵی ١٩٩٢ دا بڵاویان دەکردەوە و بەسەردێڕی”پەکەکە بۆچی وا دەکات؟!” لەو زنجیرە وتارەدا بەھەموو شێوەیەک نووسەرانی وتارەکە ھەوڵیان دەدا ڕووی ڕاستی پەکەکە بشارنەوە و لە جێگەی ئەوە تابلۆیەکی قێزەون بۆ پەکەکە دروست بکەن و جەماوەری باشووری کوردستانیش لە دژی پەکەکە ھان بدەن و ئامادەی بکەن بۆ شەڕێک کە تەنیا خزمەتی دوژمنانی دەکرد، لە ئەنجامیشدا لە پاییزی ئەو ساڵەدا بەھاوکاری سوپای تورکیا ھێرشیان کردە سەر بنکەکانی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکان.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم تەنھا ئەوەیە، کە ئێستا ساڵی ١٩٩٢ نییە، جەماوەری کوردستان لەو سەردەمە وشیارترن و باشتر پارتی و پەکەکەش دەناسن، ھەر بۆیە ئەو بەرنامانە ناتوانێت ھەمان ڕۆڵی وتارەکانی ساڵی ١٩٩٢ ببینێت و خەڵک لەوە وشیارترە، کە بەو قسانە ئیتر فریو بخوات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button