سێ یەکەمەکان لە ساڵی داهاتوو دادەمەزرێن

لڤین:
 حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لە ساڵی 2022 سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 لەسەر میلاکی خوێندنی باڵا دابمەزرێن. 
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامداو تیایدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: لە گەڵ هێزەکانی حکومەتی فیدرالی و هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندی بەردەوام داین بۆ ڕێگڕیکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییانە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و داواش لە حکومەتی فیدڕاڵی کرا بۆ برەودان بە هەماهەنگیی سەربازیی و ئاسایش لەم بوارە تا ڕووبەڕووی ئەم هێرشە تیرۆریستانە ببینەوە، کە مەترسیەکی گەورەیە لە سەر هەموولایەک.
 لە ڕاگەیەندراوێکدا جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە وتی: بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بريتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کوڵێج و بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە لایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا کە لە سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بە ڕاسپاردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستی کارو  بیمەی کرێکاران، کە جێگەی بایەخی حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن کە هاوکارن لەمبارەیەوە، هەروەها پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای کار و خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نوێ، کە کاری باشی لەسەرکراوە بەجۆرێک کە مافی کرێکاری تێدا پارێزراوبێت و هاندەربێت بۆ ئارەزووی کارکردن لە کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی، لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button