رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی: خەڵكی كوردستان لەبەرچی هەڵدێن؟

لڤین:

رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی بابەتێكی بڵاوكردوەتەوە بە ناونیشانی ( کوردستانی عێراق مێرگە ئارامەکەیە. ئەی کەواتە خەڵکەکەی لەبەرچی ھەڵدێن ؟ ) تێیدا بە ووردی باسی دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کردووە.

دیڤید رۆسنبێرگ نوسەری بابەتەكە وەڵامی پرسیارەکەی خۆی ئەداتەوە کە بۆچی خەڵکی هەرێم کۆچ ئەکەن و كۆمەڵێك داتاو زانیاری لەسەر  ھەرێم خستوەتەڕوو لە ئەمە هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکانیەتی:

* گەندەڵی لەناوخۆی هەرێم بەجۆرێک بەربڵاوە کە چیتر بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت.

* کوردستانی عێراق ئەگەر نەشبوبێتە سەنگافورە و دوبەیەکی دیکە وەک پێشتر ناوزەد دەکرا، بەڵام ناوچە کوردییەکان لە عێراق وەک دورگەیەکی دەگمەن وابوو بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.

* لە کۆی ١٧ هەزار کۆچبەری سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا نزیکەی ٨ هەزار کەسیان خەڵکی کوردستانی عێراقن.

*کوردەکان ئامادەن بڕە پارەی زۆر کە نزیکەی پێنج هەزار دۆلارە و زیاتریش بدەن لە پێناو هەڵاتن لە نیشتیمانەکەیان.

* کوردستانی عێراق بریتییە لە چیرۆکێکی سەقامگیری سیاسی لەدەستچوو. ئەگەرچی بۆ ماوەی دوو دەیە دوور بوو لەو توندوتیژی و ئاژاوەی عێراق و شەڕی ناوخۆی سوریا لە کاتێکدا سنورێکی دوورو درێژی هەیە لەگەڵ هەریەک لە عێراق و سوریا. ئەوە سەرەڕای هاوسنوری لەگەڵ دوو دراوسێی سەقامگیر، بەڵام بێزارکەر کە تورکیا و ئێرانن، بەڵام کوردستانی عێراق هەرگیز سودی لەو سەقامگیری و ئارامییە نەبینی.

*هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو دوو پارتەی کە هاوبەشی دەسەڵاتن لەو هەرێمە نیمچە دەوڵەتەدا وایانکرد هەرێمەکە لە رووی ئابوورییەوە ببێتە وڵاتێکی كرێخۆر و پشتبەستوو بە داھاتی نەوت و بوارەکانی دیکەی ئابووریان فەرامۆشکرد.

*حکومەتی کوردستان رێژەی موچەخۆری حکومی لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاترە جگە لە کوبا (کوردستان بە رێژەی ٦٥٪-٦٨٪ موچەخۆری هەیە و کوبا ٨٥.٢٪).

* حکومەت توانای نییە ئیشی گونجاو بۆ زۆرینەی خەڵکەکەی دابین بکات. هەروەها خەڵکە باش و زیرەک و بەتواناکەش دانەمەزرێنێت، چونکە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە (یان وردتر بڵێم دوو خێزانە دەسەڵاتدارەکە) پلە وەزیفییە حکومییەکان وەک کارتێک بەکاردەهێنن بۆ دامەزراندنی لایەنگرەکانی خۆیان و سزادانی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان.

*لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ هەتا ٢٠١٣ نرخی نەوت بەرز بوو بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی ساڵانە بە رێژەی ١٢٪ لە گەشەسەندندا بوو. زۆری پارەی نەوت و سەقامگیری کوردستان کە ببوە هۆی راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان بەداخەوە شکستیان هێنا.

*لە بری دامەزراندنی کارگەو پەرەدان بە کشتوکاڵ و کێڵگەکان ئەو پارە زۆرە تەنها لە دروستکردنی مۆڵی گەورە و باڵەخانە و شوقەدا خەرجکرا تەنها ئەوە گرنگ بوو لایان شتە رووکەشەکان بدرەوشێنەوە و دیاربن.

* بۆ چەندین ساڵ فەرمانبەرانی حکومی لە هەرێم لە باشترین دۆخدا نیوە موچەیان وەردەگرت و  قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتنە زیاتر لە ٢٨ ملیار دۆلار.

* حکومەتی کوردستان داتا و زانیاری ئابووری ورد ناخاتەڕوو لە کاتی خۆیدا، بەڵام راپۆرتە بێلایەن و وردەکان ئەوە ئەخەنەڕوو کە ئاستی بێکاری لە هەرێمدا بەرزبوەتەوە، خێزانەکان دەناڵێنن لە دۆخی داراییان، گەنجەکان بە ژمارەی زۆر کۆچ دەکەن. حکومەت مایەپوچ بووە. کەرتی تایبەتیش بوونی نییە بۆ هەستانەوەی حکومەت لەو شکستە.

* ئەگەرچی لە ئێستادا نرخی نەوت تاڕادەیەک بەرزبوەتەوە، لەسەر سەرکردایەتی کورد پێویستە کە دووجار بیربکاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٥.

لەسەر کاغەز، هیچ هۆکارێک نییە وابکات کوردستان دۆخی خراپتر بێت لە عێراق. دەکرێت کوردستان بتوانێت سود لەو سەقامگیرییە ببینێت لە رووی ئابوورییەوە بە تایبەت کە توانای کشتوکاڵیی هەیە و ناوچەکەشی شوێنێکی بازرگانی گرنگە و وڵاتانی خۆرئاواش بە چاوێکی باش سەیری ئەکەن.

* ئەگەر ئیرادەی سیاسی و دانایی هەبێت دەتوانێت قازانجە نەوتییەکانی بە ئاراستەی گەشەپێداندا بەرێت لە بری قەڵەوکردنی لیستی موچەی حکومەت.

*رێژەی گەندەڵی لە کوردستان کەمتر نییە لە عێراق، بەڵکو بەشێکیشە لە تاوانی گەندەڵی لە عێراق. نەک تەنها بەرپرسە سیاسییە باڵاكان، بەڵکو سەدان هەزار کورد لە خەڵکی ئاسایی خۆیان و خێزانەکانیان لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بونەتە بەشێک لە سیستمە گەندەڵەکە. بۆیە پاککردنەوەیان و ئەنجامدانی چاکسازی زۆربەی ئەوانە ئازار دەدات.

* حکومەت دەیەوێت کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات کە بەرپرسانی کورد لە وانەکە فێربوبن: ئەوەتا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە تەواوی بابەتەکە رەتدەکاتەوە و تەنها وەك تاوانێكی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە وەسفیدەکات.

*رەنگە لە کوردستان دانپیانان کێشە راستەقینەکە بێت كە لە ھەمانكاتدا هەنگاوی یەکەمیش دەبێت بەرەو چاکسازی، بەڵام وەک دەردەکەوێت بارزانی ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.

وەرگێرانی د. بەرهەم خالید

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button