قوباد تاڵەبانی: داواى لێبوردن لەخوێندکارانی زانکۆ دە‌كە‌ین

لڤین:

لەمیانی بەشداریکردنیدا لەکۆنفرانسی یەکسانی جێندەرى و ستراتیژی هێزی ژنان، قوباد تاڵەبانی رایگە‌یاند: سورم لەسەر ئەو دروشمە کە بەر لەدوو ساڵ رامگەیاند و دەیڵێمەوە (پیاو بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان رابگرە!).

قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لەوتارێکیدا کەئێوارەى ئەمڕۆ یەک شەممە 28ى 11ى 2021، لەکۆنفرانسی یەکسانیی جێندەرى و ستراتیژی هێزی ژنان پێشکەشى کرد، رایگەیاند ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و فیکری باوی کۆمەڵگای کوردی نەبێ، نە لەهۆکاری کێشەکان تێدەگەین و نە توانای چارەسەرکردنیمان دەبێت، بۆیە لەم رۆژەدا سورم لەسەر ئەو دروشمە کە بەر لەدوو ساڵ رامگەیاند و دەیڵێمەوە (پیاو بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان رابگرە!).

لەبارەى خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردووى سلێمانی و شارەکانی تر و برینداربوونی کچانی زانکۆ، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئەو شێرە کچانە لەبەرئەوە بریندارنەبوون کە کچن و ئەم بابەتە پەیوەندی بەتوندوتیژی دژی ژنانەوە نییە، بەڵکو لەبەرئەوە برینداربوون کە خۆپیشاندەربوون، وتیشی” کچانی زانکۆی سلێمانی سەلماندیان کە لەپێناو داواکارییەکانیان هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ کوڕانی زانکۆ نییە”.

لەبارەى بڵاوبونەوەى ڤیدیۆی سوکایەتیکردن بەئاڵاى پیرۆزی کوردستان، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: بەر لەوەى خوێندکارانی پێ تۆمەتبار بکەین و هێندەى تر توڕەیان بکەین، دەبوو لەراستی و دروستی ڤیدیۆکە بکۆڵینەوە، ئەمەش نەک تەنها بەسەر حکومەت، بەڵکو بەسەر پەرلەمانیش تێپەڕی، وتیشی: بچوکترین شت کە بتوانین ئێستا بیکەین، داوای لێبوردنە لەخوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و سەرجەم زانکۆکانی تر کە لەخۆپیشاندانەکاندا لەئێمەومانان زیاتر شانازییان بە ئاڵاکەیانەوە کردووە. بۆیە‌ داوای لێبوردنیان لێدە‌كە‌ین.

قوباد تاڵەبانی بەئامادەبووانی کۆنفرانسەکەى راگەیاند: ئێوە باش دەزانن باوەڕم بە مافی ژنان بەتایبەت و مەسەلەی یەکسانی جێندەری هەیە و بۆی دەکۆشم، بەڵام پێویستە روانینی کۆمەڵگا بۆ ئەو پرسە هەستیارانە بگۆڕین کەرەگ و ریشەی مێژوویی و کلتوریی داکوتاوە، ئەمەش پێویستی بەئیرادەی سیاسیی و کاری دەستە جەمعی هەیە، لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لەناو کۆمەڵگای کوردی.

لەکۆتایی وتارەکەیدا جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران گرتنەبەرى شێوازەکانی راهێنان و هۆشیارکردنەوەى بەگرنگ زانی بۆ ئەو کەس و لایەنانەى کەپەیوەندیدارن بەم بابەتەوە، وتیشی : دەبێ لەشتە بچوکەکانەوە دەست پێبکەین تا دەگاتە بابەتی کوشتنی ژنێک لەسەر شەرەف و بەدەنگی بەرز بە بکوژ بڵێین “هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button