مەسرور بارزانی و وەزیرێکی ئەڵمانی باسیان لە دۆخی کۆچبەران کرد

لڤین:
وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکى حکومەتی هەرێم لە بەحرەین کۆبونەوە و باسیان لە دۆخی کۆچبەرانی بیلاروسیا کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا کرا.
بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوەکە “وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ڕێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.”
سەرۆکی حکومەتی هەریمیش ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا.