پەکەکە لە بارەی کۆچی گەنجانەوە وەڵام دەداتەوە

لڤین:

پەکەکە لەبارەی هۆکاری کۆچی گەنجانەوە، وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە و دەڵێت، سەفین دزەیی بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی دەسەڵاتی پارتی، دەمدرێژیی دەکاتە سەر پەکەکە.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێتوێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆمان بۆ تراژیدیای کۆچبەرانی کورد لە سەر سنووری بیلاڕووس و پۆڵۆنیا، بانگەوازیی لە گەلەکەمان و بەتایبەت لە گەنجان دەکەین کە نیشتمانی خۆیان چۆڵ نەکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بۆ ڕای گشتیی

جارێکی دی تراژیدیای کۆچبەربوونی گەلەکەمان و ئاوارەبوونیان لە سنووری نێوان دەوڵەتان بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی ڕای گشتیی کوردیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی. بەگوێرەی ئامارەکان لە ناو ساڵێکدا زیاتر لە ٣٠هەزار کەس باشووری کوردستانیان بەرەو هەندەران بە جێ هێشتووە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە کاریگەریی لە سەر چارەنووس و داهاتووی نەتەوەکەمان دورست دەکات.

هاتنە ئاراوەی ئەم تراژیدیایە بۆ دوو هۆکاری بنەڕەتی دەگەڕێتەوە.

یەکەم، گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە پێناو ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانیی، دادپەروەریی و نیشتمانپەروەرییدا تێکۆشانێکی مەزنی بەڕێوەبرد، کە بە راپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٩١ گەیشتە لوتکە و ستاتۆیەکی سیاسی بۆ ئەم بەشەی نیشتمان هاتە ئاراوە. بەڵام دوای ٣٠ ساڵ بە هۆی نەبوونی ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانیی، دادپەروەری و ئازادیی ڕادەبڕین و هەروەها تەشەنەکردنی دیاردەی وەک گەندەڵیی، بێکاریی، ڕەوشی خراپی ئابووریی و لە ئەنجامدا بێهیوابوون بە چاکسازیی، لێشاوێکی مەترسیداری کۆچی گەنج و پیر و ژن و منداڵ دەستیپێکردووە.

دووەم، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان بە تایبەت تورکیا، لە لایەکەوە، بە هاوکاریی هێزە بەکرێگیراوەکانیان خاکی باشووری کوردستان داگیر دەکەن و  گروپ و تاقمی توندرەی جیهادی تیایدا جێگیر دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، لە ڕێگەی گروپی مافیا و قاچاخچێتی و ئیستخباراتی کارئاسانی بۆ کۆچی گەلەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و بە تایبەتیش لەم بوارەدا گەنجان هاندەدەن.  بەم شێوەیە دەیانەوێت بە داگیرکاریی و بە کۆچبەریی دیمۆگرافیای باشووری کوردستان بگۆڕن، لە ناسنامەی کوردی دایماڵن و بیگۆڕن بۆ هەرێمێکی بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزمی فاشیستی تورکی و ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی جیهادیی. ئەمە شاڵاوێکی بەرنامەبۆداڕێژراو و بەمەبەستی شەڕی تایبەتە بۆ چۆڵکردنی کوردستان و گۆڕینی دیموگرافیای نیشتمانەکەمان.

ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە، کە سەفین دزەیی وەک وتەبێژی پەدەکە لەجیاتی ئەوەی کە ئەم ڕاستییانە ببینێت، بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی دەسەڵاتی پەدەکە دەمدرێژیی دەکاتە سەر تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان، پ ک ک.

لێرەدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆمان بۆ تراژیدیای کۆچبەرانی کورد لە سەر سنووری بیلاڕووس و پۆڵۆنیا، بانگەوازیی لە گەلەکەمان و بەتایبەت لە گەنجان دەکەین کە نیشتمانی خۆیان چۆڵ نەکەن و هێز و وزە و توانای خۆیان بۆ تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری بەکار بهێنن.

هەروەها بانگ لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بە هەستکردن بەو ڕاستییەی کە ئەم کۆچبەرییە ئەنجامێکی سیاسەتی ئەوانیشە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستن و بەهاناوەچوونی کۆچبەرانی کورد بگرنە بەر.

هەروەها بانگ لە دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەکەین، کە ئەم دۆخە باش بخوێننەوە و لەجیاتی تۆمەتبەخشین بەم و بەو، خۆیان بە بەرپرسی سەرەکی هاتنەئاراوەی دیاردەی کۆچی گەلەکەمان بزانن و لەم پێناوەشدا هەنگاوی پێویست بهاوێژن. پێویستە ئازادیی و ئاسایش و هەلی کار و دەرفەتی ژیانی شەرەفمەندانە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێن و زەمینەی کۆچ و کۆچبەربوون لەناوببردرێت.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پەکەکە

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button