هۆشداری دەدرێت لە ڕودانی کارەساتی گەورەی تەندروستی لە شاری سلێمانی

لڤین:

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی نامێنێت.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی،ئەمڕۆ (هەینی ١٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،” لەئێستادا دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەشاری سلێمانی نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون و نەمان و ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دروست دەکات”.

سەبارەت بە هۆکاری دروست بوونی کێشەی نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، ئاشکرای کرد،”هۆکارەکەی ئەوەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان بدرێت کە نزیکەی ١٠ مانگە دەرمان بۆ ئێمە دەهێنن، بەڵام وەک پێویست شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو کۆمپانیایانە بڕیاریان داوە چیتر دەرمان نەهێنن و ئەو دەرمانانەشی هەیانە بیگێڕنەوە، ئەوەش لە دوو هەفتە بۆ یەك مانگی داهاتوو كێشەی گەورە لە شاری سلێمانی‌و دەوروبەری دروست دەبێت”.

باسی لەوەشکرد، “وەزارەتی تەندروستیمان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە، داواش لە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بە جدی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدەن”.

لە بەشێکی لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد،” سلێمانی ساڵانە بڕی (18 ملیار) دیناری هەیە بۆ كڕینی دەرمان‌و پێداویستی پزیشكی، پێشبینی دەكەم زیاتر لە (12 ملیار) دیناری تائێستا خەرج نەكرابێت”.

هەروەها لەبارەی نەمانی دەرمان لە شاری سلێمانی، د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (جەمال ئەحمەد رەشید)ی تایبەت بە منداڵان ڕایگەیاندوە،” یەکێک لەو نەخۆشخانانەی کە خەریکە کێشەی گەورەی لە ڕووی دەرمانەوە بۆ درووست ئەبێت،نەخۆشخانەی دکتۆر جمال احمد ڕەشیدی منداڵانی فێرکارییە،لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر نەخۆش سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە ئەکەن،هیوادارین هەرچی زووترە کێشەی دەرمان چارەسەر بکرێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button