یەکێتی: هەندێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دۆزی کەرکوک دەخەنە مەترسیەوە

لڤین:
مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، ھەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ مەرام و دەستکەوتی بچووکی حیزبی دۆزی گەورەی کەرکوک و چارەنووسەکەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دۆخی کەرکوک دەڵێت، بە نیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی کەرکوک دەڕوانێت و دەڵێت “لە دوێنێ شەوەوە ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەلاماردانی ماڵی کورد و پێشێلکاری ھێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی گەنجان ئاگادرکردۆتەوە”.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتوشیەتی هاوسەرۆکی حزبەکە “لە پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵا لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و دووپاتیکردۆتەوە ئەو دۆخە دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە”.
ئاماژەی بەوەکردووە یەکێتی “کەرکوک و کەرکوکییەکان لە ھەر موزایەدەو دروشم بازییەک بە گەورەتر دەزانێت کە ھەندێک لایەن و لە نێوانیاندا ھەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مەرام و دەستکەوتی بچووکی حیزبی دۆزی گەورەی کەرکوک و چارەنووسەکەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی، کە ئەمە لای ئێمە جوڵەیەکی سیاسی نالۆژیکییە”.
روونیکردووەتەوە “یەکێتی ھێزی بەرپرسیارەو پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێکەوە ژیان و ئاشتیانە دەگرێتەبەر و پارێزگاری لەو پێکەوە ژیانەی کەرکوک دەکات، ھاوکات پارێزەری ماف و خاک و کوردستانی بوونی شارەکە دەکاتەوە و بەم ستراتیژە کاردەکات و لەھیچ لایەنێکی قبوڵناکات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات و ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە بۆ ھەر ئەگەرێکیش یەکێتی بژاردەی یەکلاکەرەوەی ھەیە”.