حکومەتی هەرێم لە بارەی دۆخی کەرکوکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:
حکومەتی هەرێم رایگەیاند دوای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کازمی، بڕیاردراوە ئەو کەسانەی لە شاری کەرکوک دەستگیرکران ئازاد بکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستانبە راگەیەنردراوێکی فەرمی بڵاویکردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی شاری کەرکوک کرا کە لە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن “لە لایەن هەندێک کەسەوە هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان.”
حکومەتی هەرێم ئەوەشی راگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت کە ئاژاوە و پشێوی دروستبكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات.
ئاماژەی بەوەشکردووە پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بەو “دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە” بهێنرێت کە لە کەرکوک دروستکراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەموو دەستگیرکراوەکانی کەرکوک ئازاد بکات.
ئەوەش دوای بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دیت کە تیایدا رایگەیاندبوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی داوای لە مستەفا کازمی کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ محەمەد خورشید بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی رایگەیاندبوو کە نێچیرڤان بارزانی داوای لە کازمی کردووە کە دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە.