مستەفای سەید قادر: كێشەمان لەگەڵ بەغداد تەنها موچە نیە

لڤین: جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێم كۆبووەوە و رایگەیاند، كێشەی هەولێر و بەغدا تەنها موچە نیە، دۆخی كورد لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانیش خراپە.
مستەفا سەید قادر، ئەمڕۆ دوشەممە لەگەڵ سێرینا مۆرۆنی، كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان كۆبویەوە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان كراوە.
جێگری سەرۆكی هەرێم لەكۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە، كێشەی هەولێر و بەغدا تەنها موچە نیە، دۆخی كورد لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانیش خراپە، بۆ چارەسەریی بنەڕەتی كێشەكانیش لە نێوان هەردوولادا دەستوورێكی فیدراڵی هەیە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە پابەندی بین.
لای خۆشیەوە كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردوە، هیواخوازە هەرێمی كوردستان یەك هەڵوێست بن و لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەون و چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ دابینكردنی موچە و باشكردنی گوزەرانی خەڵك بدۆزنەوە.