بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی: سەرۆکەکەشتان باوەڕ بەم درۆیە ناکات

لڤین:

بزوتنەوەى گۆڕان رەتىدەکاتەوە هیچ هەڵسوڕاوێکى بزوتنەوەکەیان پەیوەندی بە پارتیەوە کردبێت و دەڵێت ئەو کەسانەی پارتی وێنە بڵاوکردونەتەوە گۆڕان نەبوون و هەولێریس نین.

هێمن شێخانی، باژێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیکردنی ژمارەیەک هەڵسوڕاوی بزوتنەوەکەیانەوە بە پارتیەوە بڵاو کردەوە  تیایدا دەڵێت: تەنها رۆژێک دوای ( 31ی ئاب) لقی دووی پارتی لەگەڵ دەستپێکی بانگەشەیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەجێگەی ئەوەی بەڵێنی گەڕانەوەی مافەدەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، دەستیان کرد بە درۆکردن.

باژێڕوانی هەولێری گۆڕان باسی لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژمارەیەک گەنج کردووە کە لقی دووی پارتی رایانگەیاند “هەڵسوڕاوی گۆڕانن و چونەتە ڕیزەکانی پارتی” و لەو بارەیەوە دەڵێت “دڵنیابن سەرۆکەکەشتان باوەڕ بەم درۆیە ناکات، چونکە ئەوانەی لە وێنەکەدا دیارن تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش گۆڕان نەبون”.

ئەوەشی وتووە ئەو کەسانەی وێنەیان بڵاوکراوەتەوە  “هیچ کامێکیان هەولێری نین، ئەگەر بۆ بانگەشەش کردوتانە ئەوا دڵنیابن بەم ڕەفتارانە بچوکتر دەبنەوە، ئەگەر لە بزوتنەوەی گۆڕان و مەکۆی هەولێریش ترستان هەیە ئەوا پێویستە بەخۆتاندا بچنەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button