بایدن: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی عێراق

لڤین:

سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لەحکومەتی عێراق دەکات بەبۆنەی کۆنفرانسی لوتکەی بەغدادوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوبەشی کردنی لەگەڵ عێراق.

جۆ بایدن، پیرۆزبایی لەحکومەتی عێراق کرد بەبۆنەی میوانداریکردنی کۆنگرەی بەغداد بۆ هاوکاری و هاوبەشی و ستایشی سەرکردایەتی عێراق دەکات و بە کارێکی مێژووی ناوی دەبات لە کەمکردنەوەی گرژی نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن کۆشکی سپیەوە بڵاوکراوەتەوە، بایدن دەڵێت : ئەو جۆرە دبلۆماسییەتە لە ئێستا گرنگترە لە هەموو کاتێکی تر، ئێمە بە دوای هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ و فراوانکردنی هاوکاری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردووەتەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوبەشی کردنی لەگەڵ عێراق بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی زیاتر لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەشڵێت: ئێمە پابەندین بە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی خۆمان بە پێی ڕێککەوتنی ستراتیژی و دەشڵێت “مانگی ڕابردوو من و سەرۆک وەزیران کۆبووینەوە، باسمان لە ڕۆڵی گرنگی عێراق کرد لە هەرێمەکەدا و ئەو هەوڵە بەرچاوانەی کە حکومەتی عێراق بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەیەتی بۆ باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی”.

ئەم لێدوانەی بایدن چەند کاتژمێرێک دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی هاوکاری و هاوبەشی بەغداد دێت کە لە پایتەختی عێراق بە ئامادەبوونی میسر، ئوردن، تورکیا، ئێران، سعودیە، کوێت، قەتەر، ئیمارات و فەرەنسا بەڕیوەچوو.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button