توشبوویەکی شێرپەنجە لە زیندانەکانی تورکیاوە دەڵێت چیتر بەرگە ناگرم

لڤین:
ئافرەتێکی تووشبووی شێرپەنجە لە زیندانەکانی تورکیاوە داوای ئازادکردنی دەکات و دادگاش سزای زیاتر لە نۆساڵ زیندانی بە هۆی ئەندامبوونی لە گرپی گولەنیەکان بەسەردا سەپاندووە.
ئایشە ئۆزدۆغان کە تووشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجەیە و نەخۆشییەکەی لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی چوارەم، بە تۆمەتی کارکردن لە بەشە ناوخۆییەکی گروپی گولەنییەکان لە شاری ئیسپارتا لە تورکیا، سزای ٩ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو ئافرەتە لە ئێستادا بارودۆخی تەندروستی بە تەواوی خراپ بووە و خۆشی خاوەن پێداویستی تایبەتە و ڕێژەی کەمئەندامییەکەی ٧٢ ٪، بەڵام سەرەڕای ئەوە لە زینداندا هێڵدراوەتەوە و ئازاد ناکرێت.
ئایشە چەند جارێکی داوای کردووە سزاکەی بۆ دوابخرێت، بەڵام داواکەی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ڕەتکراوەتەوە.
ئەو لە پەیامێکدا کە رەوانەی دەرەوەی زیندانی کردووە دەڵێت: بە هۆی ئەوەی ماوەی دوو مانگە وەک پێویست چارەسەری پزیشکیم وەرنەگرتووە دۆخی تەندروستیم زۆر خراپ بووە.
ئەو دەشڵێت: ئەگەر برینەکانم بە تەواوی بکرێتەوە، ئەوا تەواوی نەشتەرگەری و چارەسەرەکانی رابردووم هیچ واتایەکی نامێنێت.
ئەوەشی وتووە “ئێستا ناتوانم سەرم بە ڕێکی ڕابگرم. بەردەوام خوێنبەربوونم لە لوتمەوە هەیە. چیتر توانای بەرگە گرتنم نەماوە. تکایە با کەسێک دەنگم ببیستێت”.