قائیمقامی شەنگال: هێرشەکانی تورکیا لە شەنگال بە زانیاری پارتی بووە

لڤین:

قایمقایمی شەنگال ئەو هێرشانەی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەر چەند ئامانجێکی ناوچەکەیان، بەهاوکاری و زانیاری پێدانی پارتی بووە.

فەهد حامید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: ئەو زانیاریانەی پارتی سەبارەت بە جێگای سەرکردەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و ئامانجەکانی تر لەناوچەی شەنگال بەتورکیایداوە، زۆر ورد بووە ، بۆیە لەکاتی بەئامانجگرتنیان لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانەوە توانراوە شەهید بکرێن.

قایمقایمی شەنگال باسی لەوەشکردووە، ئەوەی پارتی دەیکات بەوەی بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی کورد زانیاریی هەواڵگری بە تورکیا دەدات ناپاکییەکی گەورەیە و دەبێت لەسەر ئەو کار و کردەوانەیان سزا بدرێن.

ئەوەس دوای ئەوە هات کە رۆژی ١٦ی ئاب، فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە قەزای شەنگال کرد، لە ئۆتۆمبێلەکەدا شەش سەرنشین ھەبوون و سیانیان بریندار بوون و دووانیان شەھیدبوون کە یەکێکیان سەعید حەسەنی سەرکردەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال بوو.

رۆژی دواتریش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بەبیانووی بەکارهێنانی لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە سێ جار نەخۆشخانەیەکی گوندی سەکەنیێ لە باشوری چیای شنگال بۆردومان کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button