ئەو کۆچبەرانەی لە دوورگەی لارۆس گیریان خواردبوو ڕزگار کران

لڤین:
ئەو ٣٧ کۆچبەرەی لە دورگەیەکی وڵاتی یۆنان فیریان خواردبوو سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و بەیانی ئەمڕۆ رزگار کران.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردەوە ئەو ٣٧ کۆچبەرە کوردەی لە ناوچەیەکی شاخاوی دور لە ئاوەدانی دورگەی لارۆسی وڵاتی یۆنان لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بە جێ هێڵدرابوون بەرەبەیانی رۆژی ھەینی لەلایەن کەس و کاری یەکێک لەو کۆچبەرانە بە ناوی ( ئاسۆ فاتیح) دەزگای لوتکە ئاگادار دەکەنەوە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند ” پاش ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە دۆخی ئەو ٣٧ پەنابەرە کوردە کە لە دورگەی لارۆس بەجێھێڵراون، دەست بە جێ لە رێگەی نوێنەری دەزگای لوتکە و باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان، ھەوڵەکان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان چڕکرانەوە و خۆشبەختانە توانرا ھاوکاریان پێ بگەینرێت و ڕزگار بکرێن”.
سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی “ئەو کۆچبەرانە پێک ھاتبون لە ٨ ژن و ٤ منداڵ و ٢٥ پیاو، کە بە داخەوە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێ کرابوو، بە ھۆی ئەوەی چەند رۆژێک لەو شوێنە مابونەوە و بە ھۆی کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە مەترسی کەوتبۆیە سەر ژیانیان، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رزگار کراون گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس و تەندروستیان باشە”.