قوباد تاڵەبانی: لەم کابینەی حکومەتدا 48 هەزار هەلیکار رەخساوە

لڤین:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە 48 هەزار هەلیکاریان رەخساندووە، دەشڵێت بێ پشتیوانی کەرتی تایبەت ناتوانن کوردستان پێشبخەن.

ئەمڕۆ شەممە، قوباد تاڵەبانی، لە میانی بەشداری کردنی لە پانێڵێکی پرۆژەی (TechFest) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا رایگەیاند: لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە کۆمپانیاکان کە 48 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەریم وتیشی: بێ پشتیوانی کەرتی تایبەت ناتوانن کوردستان پێشبخەن و کەموکورتییەکانی حکومەت دەکرێت بە کەرتی تایبەت پڕبکرێنەوە”

باسی لەوەشکرد، متمانەی بە کۆمپانیاکانی ئای تیی هەرێمی کوردستان هەیە و پلانیان هەیە پشت بە کۆمپانیا ئای تی یە خۆماڵییەکان ببەستن بۆ بە دیجیتاڵی کردنی حکومەت و حکومەتی ئەلیکترۆنی زەمینەی شەفافیەت دەڕەخسێنێت.

باسی لەوەشکرد “سێ گۆشەیەک هەیە کە دەبێت پەیوەندیەکی زۆر باش هەبێت لە نێوانیاندا، ئەوانیش حکومەت، ناوەندەکانی خوێندن و کەرتی تایبەتە، ئەگەر پەیوەندیەکی باش لە نێوانیان هەبێت دەتوانین وڵات بەرەو پێشەوە بەرین، چونکە کاری حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت و دۆخێک بڕەخسێنێت کە ئابوریەکی بەهێز و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت، ئێستا بۆمان دەرکەوتوە کە حکومەت هەمو شتێکی بۆ ناکرێت و ئەوە رونە، هەموان رەخن و گلەییمان هەیە لە حکومەت بە خۆشمەوە کە خۆم حکومەتم، بەڵام ئەو کەموکوڕییانەی کە حکومەت هەیەتی رەنگە بەکەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمەندێکی یەکجاری زۆری هەیە و ملیۆنێک و 250 هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەر هەیە بە مەدەنی و سەربازی، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزاری تر کەمە، بەڵام بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو توانایە زۆر زیاترە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button