لڤین:
ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی مورافەعەكەی مامجەلال رایگەیاند، هیچ سازشێك لەسەر كوردستانیبوونی كەركوك ناكەین.
بافڵ تاڵەبانی، لەپێگەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە باسی ساڵرۆژی سەلماندنی كوردستانی بوونی كەركوك لەلایەن باوكیەوە رایگەیاند “ئەمڕۆ 17 ساڵ بەسەر مورافەعە مێژوییەكەی تۆ بۆ كەركوك تێدەپەڕێت و ئێمەش بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە مێژوییە دەكەینەوە”.
ئاماژەی بەوەش كردوە: پەیمانی خۆم دووپات دەكەمەوە كە هەمیشە هەڵگری پەیام و ڕێبازی تۆ دەبین. هەڵگری خەمی نەتەوە و زمان و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بین. مێژوی درەوشاوە و پڕ لە سەروەری تۆ دەكەینە سەرمەشقی خۆمان و بە ئومێدەوە لە داهاتو دەڕوانین.
ئەو دەشڵێت “هیچ سازشێك لەسەر كوردستانیبوونی كەركوك ناكەین، بۆ مێژو دەیسەلمێنین كە ئێمەین خەمی كەركومان لەسەر شانە و هەموو هەوڵێكیشمان لە رابردودا بۆ پاراستنی خەڵكەكەی بووە و لە داهاتوشدا دەبینە ئەو قەڵغانەی كەركوك و كەركوكییەكان دەپارێزێت.”