بارزانی: شەنگال بە دەست کۆمەڵیک هێزەوەیە هیچ پەیوەندیان بە بەرژەوەندی ئێزدییەکانەوە نییە

لڤین:
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای یەکریزی لە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت ئازاری ئێزییدییەكان بەردەوامە و شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە.
مەسعود بارزانی، پەیامێکی لە بارەی ساڵیادی کارەساتی سينگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.
سەرۆکی پارتی دەشڵێت: جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە.
ئەو دەشڵێت: هەر ئەو هێز و چەکدارانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام.
بارزانی داوای یەکڕیزی لە ئێزدییەکان کردووە و دەشڵێت: لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمڕۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر کارەساتی ئێزدییەکان تێپەڕی کرد کە تا ئێستاش بەشیک لە ئێزدییەکان حزبەکەی مەسعود بارزانی بە هۆکاری ئەو کارەساتە دەزانن و پێیانوایە پیسەمرگەکانی پارتی بەرگریان لە خەڵکی ناوچەکە نەکردووە و پێش خەڵک شوینەکانیان بەجی هێشتووە.
لەو کاتەدا مەسعود بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هیزە چەکدارەکان بوو، فەرمانیشی دەرکر لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە پێک بهێندرێت بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک بۆ رایگشتی بڵاو نەکراوەتەوە.