پیاسەیەك لەگەڵ ئایدۆلۆژیا دەمەتەقێیەك لەگەڵ ئیخوان

(٢) و کۆتایی

– سەدەیەکە ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم (ئیخوانیزم و سەلەفیزم و خومەینیزم) نایەڵن ئینسانی موسوڵمان، لەناو ئێستاو واقعەکەی خۆیدا بژی و لێرەشەوە فکرو ئایدۆلۆژیای پێویستی سەردەمی خۆی بەرهەمبهێنێ. بەڵکو بەردەوام بە مژدەو وەهمی واقعێکی پێرفێکت، مەستی ئەکەن، لەکاراییی ئەخەن، مێگەلی گەورەو زەبەلاحی لێ دروستئەکەن و توشی شەڕی بێ مانای ئەکەن.

– ئەمە بۆ چەپی شۆڕشگێڕیش ڕاستەو ئەوانیش لەپاڵ مژدەی بەهەشتی کۆمۆنیزمدا، دنیایەك دۆزەخیان خولقاندو دنیایەك مێگەلیان دروستکردو دنیایەك عەقڵیان خەساند. سەیرکە سوسسیال دیموکرات و چەپی مەدەنی و ناشۆڕشگێر، هەمیشە ئیزافەیەکی جوانن، چونکە قاچیان لەسەر ئەرزەو لەناو فرەیی و واقعی ئێستادان. بەڵام چەپی دەسەڵاتدار یان شۆڕشگێر، هەمیشە ئەچێتەوە سەر وەهمی چیرۆکە پێرفێکتەکەی ئایدۆلۆژیاو لەوێوە قاچی لە ئەرزی واقع ئەپچڕێ و ئەبێتەوە بە بەڵای تاکڕەهەندیی بۆ دنیاکە!

– ئاکەپەش، ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتەکەی، پڕبوو لە جوانی و ئاشتی و کرانەوە.. چونکە تا ئێرا لەناو ئێستای خۆیدابوو. بەڵام لەوێدا کە وەهمی خیلافەت و سوڵتانیزم و واقعی پیرۆزو پێرفێکت سەرهەڵئەداتەوە، ئیتر سەیرکەو بزانە تورکیا چ دەعبایەکە بۆ ناوخۆ و بۆ چواردەور؟

– قەومچێتی و ناسیۆنالیزمی شۆڕشگێڕیش، لە دۆخی دەسەڵاتدا، هەر دیکتاتۆریەت و فاشیزمەو لە دۆخی شۆڕشیشدا، هەر کاولکاریی عەقڵ و یاریکردنە لەسەر پەتی وروژاندن. لەمسەرەوە بە حەماسەت فووت تێئەکا، تا پەن و کارەساتەکەت بەسەرا ئەهێنێ. لەوسەرەوە بە شین و شەپۆڕو کڕوزانەوەی مەزڵومیەت ئەتلاوێنێتەوە. لەو نێوانەشدا بەردەوام ژەهری ڕق ئەڕێژێ. کە ئەمانە جگە لەوەی کاولکردنی دنیایە، کاولکردنی عەقڵیشەو لەو کەشەدا ئیتر بیر ناکرێتەوە!

– بۆ عەدالەت، پێویستمان بە کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و لیبرالیزم و ناسیۆنالیزم نیە.. بۆ عەدالەت تەنیا پێویستمان بە عەدالەت خۆیەتی. هەموو یزمەکانیش تەنیا وەسیلەن بۆ کارایی و بۆ دیوارێك، کە “لە ئێستادا” خۆمان هەڵیچنین. نەك ئەوەی یزمەکە خۆی ئامانجبێ و شتێکی پێرفێکت و ئامادەبێ و هەر بە دیواریی، لە دەرەوەی ئێستاوە بیهێنین. هەر یزمێك خۆی ببێ بە عەدالەت و بە دیوارەکە، هیچ دروستناکاو ئەوەشی کە هەیە ئەیڕوخێنێ!

– ئایدۆلۆژیا وەکو “چیرۆکی پێرفێکتی نائێستا” بەڵای عەقڵ و بەڵای دنیایەو کرمی شەڕەنگێزی و دابەشکردنە مێگەلییەکانە. لە دەرووندا نەخۆشیی ڕقەو لە فکردا نەخۆشیی تاکڕەهەندییە. بەڵام هەر ئایدۆلۆژیا، لەوێدا کە لەناو عەقڵی ڕەخنەیی و گفتوگۆ جدییەکانی واقعی خۆیەوە دێتەدەرێ و شکڵ ئەگرێ، ئەمەیان ڕێگای نەجاتی کۆمەڵگا چەقیوەکانەو هیچ پێشکەوتنێكی مێژوو نیە، کە لە “عەقڵ و ئێستا”وە ڕووی نەدابێ و لە “وەهم و دوێنێ”وە ڕوویدابێ!

– موحەمەد لەناو ئێستاکەی خۆیدا ئەوەی کرد کە کردی. ئەوروپا لەناو ئێستاکەی خۆیدا ڕۆشنگەریی کرد. ئێمەش ئەگەر بمانەوێ بە ڕێگای موحەمەددا بڕۆین، ئەبێ بە ئێستای خۆماندا بڕۆین نەك بە ئێستاکەی ئەودا. ئەگەریش بمانەوێ ڕۆشنگەریی بکەین، ئەبێ بە ئێستاو بە گومانەکانی خۆماندا بڕۆین نەك بە ئەوساو بە گومانەکانی دیکارتدا. ئایدۆلۆژیا کە لە عەقڵی ئێستای کۆمەڵگایەکەوە سەرهەڵئەدا، لوتکەی هۆشیاریی ئەو کۆمەڵگایەو ساتی بینای حەزارەت و گۆڕانی واقعەکەیەتی. ئایدۆلۆژیا کە لە دەرەوەی عەقڵ و ئێستای کۆمەڵگاوە ئەهێنرێ، لوتکەی جەهل و دۆگمایەو ساتی چەقین و داڕوخانی حەزارەتە.

– لێرەشدا ئەکەوینە بەردەم دوو مانای پێچەوانە بۆ یۆتۆپیا:
یۆتۆپیا بە مانا ئیجابییەکەی، ئەوەیە کە ساتی هەماهەنگیی عەقڵ و ئێستایەو ئەوەی لێ دروست ئەبێ کە وا ئەزانرێ خەیاڵەو دروست نابێت!
یۆتۆپیا بە مانا سلبییەکەی، بەڵێن و مژدە پێرفێکتەکەی ئایدۆلۆژیایەو ئەوەیە کە هەر ئەڕۆیت و نایگەیتێ و لەو رێگای نەگەیشتنەشدا، هەزار کاولکاری و پەنت پێ ئەدات!

– ئایدۆلۆژیا لە پەیدابوونە ڕەسەن و سروشتییەکەیدا، شەڕ لەگەڵ حەقیقەتدا ناکات، بەڵکو تەجەلاو مانیفێستبوونی حەقیقەتی قۆناغێکە لە عەقڵی تاك و کۆدا. بەڵام ئایدۆلۆژیا لە هاتنە ناڕەسەن و ناسروشتییەکەیدا، ئینقیلابی دەمارگیری و لایەنگیری کوێرانیە بەسەر حەقیقەتداو ئیتر نە ئیخوانێك لە ئازاری چەپێك تێئەگاو نە چەپێك لە ئازاری ئیخوانێك تێئەگات، ئەگەرچی ستەم یەکەو هەمان چیرۆك و ئازارە!

– کاتێکیش کە لە لایەنگیرییدا، حەقیقەتێك ئەوترێت، شتەکە (کلمة الحق یراد بها الباطل)ە، نەك کەلیمەی حەق خۆی. چونکە حەقیقەت خۆی ئامانجەو ناکرێ بە وەسیلەی شەڕی ئایدۆلۆژی و لەکوێدا لە بەرژەوەندیت بوو بیڵێت و لەکوێدا لە بەرژەوەندیت نەبوو نەیڵێیت. حەقیقەت ئەوەیە کە بێمەرج ئەوترێ، نەك بە مەرجەکانی ئایدۆلۆژیا!

– مەسەلەن ئەوە کەلیمەی حەق نیە کە ئیخوانێکی کورد، خەمی هەڵبژاردن و دیموکراسیەتی تونسیەتی، لەکاتێکا لەپاڵ خۆیدا، سەت سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردراو، لائەبرێ و ئەخی گیانیش مێشی دیموکراسی میوانی نیە! ئەمە نیوحەقیقەتەکەی ئایدۆلۆژیایە نەك خەمی دیموکراسی و حەقیقەت خۆی. پێچەوانەکەشی هەر راستەو کاتێك ئەردۆگان هەموو قیادەی هەدەپە ئەخاتە زیندان، ئەمە هەر ئەوەیە کە سیسی هەموو قیادەی ئیخوان بخاتە زیندان. حەقیقەت ئەوەیە کە پارادۆکسی تیانیەو پێتخۆشبێ و پێتناخۆشبێ هەر ئەوەیە. حەقیقەت ئەوەیە کە ستەم لە دەمیرتاش بکرێ و لە غەنوشی بکرێ، هەر ستەمە، ئەگەرچی ئەمیانت پێخۆشبێ و ئەویانت پێناخۆشبێ.

– دەی ئێمەش لە دوورە، هەر ئەونەی وێنەکەمان لێ دیارەو هەر ئەونەش پێویستە بۆ پاراستنی مرۆڤبوونمان. خۆ ڕەنگە لە ناوەوە، دنیایەك وردەکاری و حەقیقەتی تریش هەبێ، کە خەڵکی ئەوێ خۆیان بیزانن و پێویست نەکا ئێمە لە دوورەوە، بە هیچ لایەکدا حوکمە ئایدۆلۆژییەکە بدەین. ئەو حوکمەی کە هیچ لە حاڵی ئەوێ ناگۆڕێت، بەڵام زۆر لە دەروونی خۆمان و لە پێکەوەژیانی ئێرە تێکئەدا!

– ئایدۆلۆژیا لە ئێستاکەی خۆیدا، یەعنی ڕۆشنبوونەوەی حەقیقەت و لاچوونی وەهمەکان و بەرکەوتنی کۆمەڵگا بە واقعی حاڵی خۆی. بەڵام ئایدۆلۆژیا لە دەرەوەی ئێستاکەی خۆیدا، یەعنی وەهم و نیوحەقیقەت. حەقیقەتیش ساغەو لەت ناکرێ. لەتکردنی حەقیقەت خودی باتڵەو ئایدۆلۆژیاش کارگەی بەرهەمهێنانی ئەم باتڵەیە. یەعنی ئایدۆلۆژیا وات لێئەکا حەقیقەت لەت بکەیت و تەنیا ئەو لەتەی ببینیت کە لە بەرژەوەندی خۆتەو ئیتر هەر لە بەرگی دیندا، ئەگەڕێیتەوە بۆ ئەو مەبدەئە جاهیلییەی (انصر اخاك ضالما کان او مضلوما)!

– یەعنی مرۆڤ ئەبێ هەمیشە بەدوای حەقیقەتەوەبێت نەك بە دوای ئایدۆلۆژیاوە. چونکە حەقیقەت و فەزیلەت، هەمیشە خۆیەتی و بەجێنامێنێ. بەڵام ئایدۆلۆژیا ئەگەرچی لە سەرەتاوەو لە ساتێکدا، وەسڵە بە حەقیقەت و فەزیلەتەوە، بەڵام دواتر قەتعەو بەجێئەمێنێ. ئیتر هەر ئەوەی لە ئێستاکەی خۆیدا هۆشیارییە، لە کاتێکی تردا ئەبێتە جەهل. هەر ئەوەی لە ساتێکدا ماناو پڕییە، لە ساتێکی تردا، ڕوکەشێکی بەتاڵە. هەر ئەوەی لە ئێستادا ئازادییە، لە لە نائێستادا ئەبێتە کۆیلەیی. هەرئەوەش کە لە سیاقی خۆیدا کرانەوەو پرسیاری عەقڵە، لە سیاقێکی تردا ئەبێتە داخران و خەواندنی عەقڵ!

– مرۆڤ ئەبێ ڕاستەوخۆ وەسڵبێ لەگەڵ حەقیقەتداو نەیەڵی هیچ شتێك بکەوێتە نێوانەوەو قەتعیکات. شتەکانی نێوانەکەش تا وەسیلەو ڕێگابن کێشەنین، بەڵام کە خۆیان بوون بە ئامانج و بە خودی حەقیقەتەکە، ئیتر مرۆڤ لە مرۆڤبوون و عەقڵ لە عەقڵبوون و ژیان لە ژیانبوون و دین لە دینبوون و هەموو شتێك لە مانای خۆی ئەکەوێت.

– وەسڵبوون و یەکبوون لە حەقیقەتدا، لەناو ڕۆحدا ڕووئەداو کاری ئایدۆلۆژیاش شەڕی سوڵتەو پەرتکردنمانە لە نیوحەقیقەتدا، کە ئەمە کاولکردنی ڕۆحەو ئا لێرەوەیە کە دین نابێ بکرێ بە ئایدۆلۆژیاو بە بکوژی ڕۆح. ئا لێرەشەوەیە کە هەمیشە ئایدۆلۆژیا، ڕووکەشبازی و ڕۆحانییەتێکی موزەییەف پەرە پێئەدا، بۆ شاردنەوەی ئەو ڕۆحانییەتە ڕاستەقینەیەی، کە لە ڕێگەی شەڕەکانییەوە لەناومانا ئەیکوژێ!

– جا ئەوەی کە چاکەو بۆ هەموو زەمان و مەکانێك ئەشێت، خۆت و ماناو وەسڵەکەیە، نەك مێگەل و قەباغە بەتاڵە پیرۆزکراوەکە، کە لە پشتییەوە دنیایەك خراپەکاریی ئەکرێ و قەتعت ئەکا لە مرۆڤبوونی خۆت!

– ئەوە چیە وات لێئەکا بە زاڵمیی و بە مەزڵومییش هەر دژی ئیخوان بیت؟ یان بە زاڵمی و بە مەزڵومییش هەر پشتگیری ئیخوان بیت؟ ئەوەچیە وا ئەکا، بۆ داری بڕاوی خۆمان بگریت و بە داری سوتاوی ئەوان پێبکەنیت؟
لەکاتێکا ستەم هەر ستەمەو مەزڵوم هەر مەزڵومەو دار هەر دارە.. ئەمانە کە هەمووی هەر یەکەو مەفروزیشە هەموومان لەو یەکەدا کۆببینەوە، ئەوە چیە ئەم یەکانە لەت ئەکاو ئێمەش پەرت؟ وەڵامەکەی یەك وشەیە “ئایدۆلۆژیا”، بەڵام بە هەزار پارچەو یزمەوە!

– لەوێدا کە حەقیقەت یەکەو دار هەر دارەو زوڵم هەر زوڵمە، ئیتر تۆ لەناو ڕۆحی خۆتدایت و لەگەڵ خۆتدا بوویتەتەوە بە یەك و بە مرۆڤ. لەوێشدا کە بە چەقۆی ئایدۆلۆژیا، زوڵم و دارو ئاگرت لەتکردو جیاکارییت کرد لەنێوانیاندا، ئیتر لەناو ڕۆحی خۆتدا نیت، لەناو ڕقی ئەودایت. ئیتر ناشبی بە خۆت، ئەبی بە لەتەکەی تری ئەو.

– ئا لێرەوەیە کە فاشیزمی تورك و کورد ئەبنەوە بە یەك و دڵیان بە سوتانی ژینگەی یەکتر خۆشە! ئا لێرەوەیە کە حەماقەتی علمانی و ئیسلامی، فەرقی نیە، کاتێ هەردوکیان چاوی حەقیان کوێرەو مەزڵومیەت لە بەرامبەرداو زاڵمیەت لە خۆدا نابینن! ئا لێرەوەیە کە منیش دوورکەوتنەوەی تۆ لە مرۆڤبوونی خۆت، ئەکەم بە پاساو بۆ دوورکەوتنەوەی منیش لە مرۆڤبوونی خۆم و ئیتر هەردوکمان ئەبینە وەحش. کاری ئایدۆلۆژیاش دابینکردنی پاساوە بۆ ئەو وەحشبوونە!
ئاخر غاندی بۆیە جوانە، چونکە شەڕی ئەو لەگەڵ ئینگلیز نەبوو، ئیتر نەشبوو بە وەحشەکەی ترو بە لەتەکەی تری ئینگلیز. بەڵکو شەڕی ئەو لەگەڵ خۆی بوو بۆئەوەی لە حەقیقەتدا مرۆڤبێ و لە نیوحەقیقەتەکەی ئایدۆلۆژیادا نەبێتە دەعبایەکی تر!

– ئیخوان ئەگەرچی توانایەکی باشی نەرمی نواندن و خۆگونجاندنیان هەیە، ئەی بۆچی هەر نەکڵۆك و نەگونجاون؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە لە تەکتیکدا بڕوایان بە فرەیی هەیە نەك لە ستراتیجدا. ئەگەر شتەکە خانوییەك بێت، لە دەرگاو پەنجەرەو بۆیاخدا گونجاون نەك لە بناغەکەدا. کە تۆ لە بناغەدا بڕوات بە شمولیەت و بە یەكڕەنگکردنی دنیا هەبوو، لەسەر ئەو ئەساسەش جیاکاریت کردو ئینسانەکانت دابەشی ڕەش و سپی کرد، ئیتر ئەمە تۆوی ڕق و نەگونجانە هەر کەس بیچێنێ. ئیسلامیی بیچێنێ و کۆمۆنیست بیچێنێ و ناسیۆنالیست بیچێنێ، هەمان تاسوحەمامەو مەزڵومیەتێکی لێرەو لەوێش، ناکاتە ئەوەی کە بناغەکە هەڵە نیەو دواتر خۆی نابێتەوە بە ستەمکاریی. وەکو مەزڵومیەتی سەدەیەکی ئیسلامییەکانی تورکیا، کە بووەوە بە ستەمکاریی ئەردۆگان. یان مەزڵومیەتی سەدەیەکی ئێمە، کە لە ڕاپەڕیندا بوو بە دەسەڵاتێکی خۆماڵی ستەمکار. یان مەزڵومیەتی چینی چەوساوە، کە بوو بە ستەمکاریی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا!

– ئەزانی دەجال چیە؟ پیاوێکی کوێر نیە کە لە قیامەتدا دێت، بەڵکو هەموو منو تۆو هەموو کەسێکە کە تەنیا چاوێکی ئیش ئەکاو تەنیا نیوحەقیقەتەکەی هەوای خۆی ئەبینێت. ئینجا لەنێوان ئەو نیوەی حەقیقەت، کە حەزت لێیەتی و ئەیبینیت، لەگەڵ ئەو نیوەی کە حەزت لێنیەو نایبینیت، چاوی سێیەم هەیە کە چاوی هاوسەنگی و حیکمەتە. یەعنی “بینین” سێگۆشەو هەرەمێکە کە دوو چاوەکەی ژێرەوەی، پەرتت ئەکا لەنێوان حەزم لێیەو حەزم لێنیە. چاوەکەی سەرەوەش سەرکەوتنە بۆ بان حەزو کۆتئەکاتەوە لە حەقیقەتدا. “کە ئەمە مانایەکی تەوحیدیشە”.

– تەوحید بەو مانایەی کە شەریك بۆ ڕاستی دروست ناکەیت و ئەوەی ڕاستییە قبوڵتە وەکو خۆی، ئەگەرچی بەدڵیشت نەبێت. شیرکیش یەعنی قوتکردنەوەی ڕاستییەکەی ئایدۆلۆژیا، لە تەنیشت ڕاستی خۆیدا. کوفریش یەعنی داپۆشین و شاردنەوەی ڕاستی یەکەم، بەمەی دووەمیان!

– خۆی دەجال یەعنی فێڵ و درۆ، کەچی هەر بە ناوی دەجالەوە دوو جار فێڵت لێکراوە! جارێك دەجالت لێکراوە بە پیاوە کوێرە ناشرینەکەو جارێکیش سێگوشەو چاوی حیکمەتت لێکراوە بە چاوی دەجال و ماسۆنیەت. کە ئەمە هیچیان وانیەو هەردوکیان هەر خۆتیت.
کاتێ لە لایەنگیریی و پەرتبوون و نیوحەقیقەتە حەزیی و ڕقییە ئایدۆلۆژییەکەدایت، هەرکامیان هەڵبژێریت، هەر لەسەر حسابی حەقیقەتەو هەر کوێریی و دەجالییە.
کاتێكیش بینینی خۆت بەرزئەکەیتەوە بۆ بان حەزو ڕق و بۆ یەکبوون لە حەقیقەتدا، ئەوە داناییە. بەڵام دنیایەك وەهمت بۆ دائەتاشن، بەس بۆ ئەوەی لە خۆت و لە حەقیقەت و لە دانایی دوورتخەنەوەو ئایدۆلۆژیا کاری خۆی بکات!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button