سەركردایەتیەکی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەكان ئاشکرا دەکات

لڤین:
ئەندامێکی سەركردایەتی کە هاوکات بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتییە، ناوەڕۆكی كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەكان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “رێككەوتین لەسەر ئەوەی هەردوو هاوسەرۆك لەسەر بژاردەیەك رێكبكەونو لە سەركردایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت”.
ماڵپەڕی “درەو” لە زاری زوبێر عوسمان، ئەندامی سەركردایەتیو بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەکەی دوێنێ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەكان ڕایگەیاندووە: “دوێنێ لە (دەباشان، ماڵی مام) بە سەرپەرشتی هەڤاڵی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانیو بە ئامادەبوونی هەڤاڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەب سیاسی، كۆبوینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆبوونەوەکەدا “لەسەر بارودۆخی نێوخۆی یەكێتی گفتوگۆ كراو، لەبارەی رووداوەكانەوە چەندین ئۆپشن خرانەڕوو”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیەکی یەكێتی ڕوونیشیکردوەتەوە کە “لەسەر ئەو بژاردەیە رێككەوتین هەردوو هەڤاڵی هاوسەرۆك لەسەر بەرنامەیەك رێككەوتن بكەنو لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دوا بڕیاری لەسەر بدرێت كە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو بێت”.