بە هاواری “الله اکبر” کوژران، لە ئاڵای “الله اکبر” پێچران

ئەوانەی دوێنێ بە هاواری “الله اکبر” بە دڕندانە و بەدزییەوە کۆمەڵکوژ کران، ئەمڕۆ لە ئاڵای “الله اکبر” پێچراون و بە ئاشکرا کۆمەڵکوژ دەکرێنەوە.

ئەو مەراسیمەی پێرێ لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو و لە ڕاگەیاندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆش لە ئێزیدخان دیسان وەکو شانازی نیشان دەدرێت، رەنگە زۆر کەس پێیانوابێت ئەوە رێزلێنانێکی شایستەی حکومەتی عێراق بێت لەوانەی بوونە قوربانیی فکری رەشی داعش.

ئەگەر وردتر لێی بڕوانین و خۆمان بخەینە شوێنی ئێزدییەکی کەسوکاری ئەو قوربانییانە و بە تیلەچاوێک لەو مەراسیم و ئاڵا و حکومەتی عێراق بڕوانین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەوانەی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە شێوەیەکی دڕندانە و لەژێر ئاڵایەکی رەش و بە هاواری “الله اکبر” و بە نهێنی کۆمەڵکوژ کران، ئێستاکە دوای حەوت ساڵ، لەژێر ئاڵایەکی دیکەی رەنگ جیاواز و بە هەمان دەستەواژە بە ئاشکرا و بێشەرمانە، بە فەرمی بە بەرچاوی راگەیاندنەکان و جیهانەوە کۆمەڵکوژ دەکرێنەوە.

ئێزدییەکانی گوندی کۆجۆ و ئێزیدخان، بە دەستی کەسانێک کۆمەڵکوژ کران کە هەڵگری ئاڵایەک بوون وەک دەروونیان تاریک و ڕەش، بۆ ئۆخژنی دڵی ڕەشیان و بەهیوای وەرگرتنی حەفتاوحەوت حۆری لە بەهەشت، لەگەڵ کوشتنی هەر ئێزدییەک هاواریان دەکرد “الله اکبر”، ئەمڕۆ لە بەغدا لە ئاڵایەک پێچراون کە دیکتاتۆرێکی بکوژ و دڵڕەشی وەکو سەدام هەمان دەستەواژەی لەسەری نووسیوە.

لە دوا فەرمانی سەر ئێزدییەکاندا، داعش بۆ گەیشتن بە ئارەزووە رەشەکانیان، ئارەزووی سەدان جوامێری ئێزدییان لەگۆڕ نا و هەزاران و کالەمێر و دایکی ئێزدیان چاو لە هیوای گەڕانەوە رۆڵەکانیان بەجێهێشت، جگە لە ماڵ و دارایی، هەزاران کچیشیان بە “ما ملکت ایمانکم” راپێچ کرد و جگە لە دەستدرێژییکردنە سەریان، لە بازاڕەکانی خۆیان کڕین و فرۆشتنیان پێ کردن.

ئەمڕۆکە هەمان ئەو قوربانی و گیانگۆرییانە، بەناوی رێزلێنانەوە و بەبێ شەرمیی لە ئاڵایەک دەپێچرێن کە لەژێریدا جوامێر و کالەمێر و ژنانی کورد لە ١٩٨٨ ئەنفال کران.

گەلۆ ئەو عێراقەی بەبێ هیچ گەڕانەوەیەک بۆ ئێزدییەکان پەیمانێکی لەسەر شەنگال لەگەڵ حکومەتی پارتی و بەناو هەرێم مۆر کرد بەبێ چاوخشاندنەوە بەو مێژووەی کە هێزەکانی پارتی دەستە دەستە لە شەنگال بەو هەموو چەک و جبەخانەوە هەڵدەهاتن و هەموو ئێزیدخانیان رادەستی هاوپەیمانەکانیان کرد، بۆ ئێزیدییەک چ جیاوازییەکی لەگەڵ داعش و هاودەست و هاوفکرەکانی هەیە؟

گەلۆ کەسوکاری ئەو گیانگۆرییانەی کە بە هاواری “الله اکبر”ەوە کۆمەڵکوژ کران، ئێستا چ هەستێکیان هەیە کە رۆڵەکانیان لە ئاڵایەک پێچراوە کە هەمان دەستەواژەی لەسەر نووسراوە.

گەلۆ چۆن دەتوانرێت ئیزدییەک لەو هاوکێشەیە تێبگەیەندرێت کە ئەوەی ئێزیدخانی رادەست کرد و ئەوەی فەرمانی بەسەر ئێزدی هێنا و ئەوەی ئەنفالی کرد و ئەوەی ئێستاش هەڕەشە لە شەنگال دەکات، هەموویان لە یەک فکرەوە سەرچاوە دەگرن؟

 

* کالەمێر: پیرەمێرد.

* گیانگۆری: دەستەواژەیەکە ئێزدییەکان لە باتی وشەی شەهید بەکاریدەهێنن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button