لڤین:
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم (396) ملیار دیناری بۆ تۆڕی پاراستن كە لە بەغداد وەرگرتوە، نزیكەی(100) ملیار دیناری دابەشكردوە بەسەر هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمئەنداماندا.
عومەر گوڵپی، لەپێگەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، رایگەیاند: لە ساڵی 2020 دا، لە بەشە بودجەی تەرخانكراو بۆ پاڵپشتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی (چاودێری كۆمەڵایەتی) لە حكومەتی فیدراڵی بەغداد، بڕی (396) ملیار دیناری لەلایەن حكومەتی هەرێم وەرگیراوە، بەڵام لەو بڕە تەنها نزیكەی (100) ملیار دیناری بە (هەشت جار) بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت(كەمئەندامان) خەرجكردوە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیكردووەتەوە: دەبوو بەلای كەمەوە (144)ملیار دینار بۆ كەمئەندامان خەرج بكات، ئەمە بێجگە لەوەی هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆ هەژارەكان (كە لە كوردستان بە ناونیشانی چاودێری خێزان تۆمارن) خەرج نەكردوە، و لە مانگی ئابی ساڵی (2015)ەوە هاوكاریو موچەكانیان ڕاگیراوە..
ئاماژەی بەوەش كردوە “ئەو (396) ملیار دینارە لە ژێر بڕگەو ماددەی (چاودێری كۆمەڵایەتی) بەمجۆرە خەرج كراوە، (لە مانگی یەك 70 ملیار، لە مانگی سێ 140 ملیار، لە مانگی پێنج 71 ملیار، لە مانگی نۆ 55 ملیار، لە مانگی دە 56 ملیار) ئەم بڕانەش دەكاتە تەنها لە 3%ی سەرجەم بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی لە بودجەی حكومەتی فیدراڵی كەسەرجەمی بڕەكەی 12 ترلیۆن و 704 ملیار دینار بووە لە 2020”.
ئەوەشی روونكردووەتەوە كەم ئەندامان و خاوەنپێداویستیەكان، لە ساڵی (2020) دەبوو (15) جار هاوكاری وەرگرن، سیانیان لە هاوكاری دواكەوتووی ساڵی (2019)و (12)شیان لەماف و شایستەی (2020)، بەڵام حكومەتی هەرێم تەنها (8) جار هاوكارییەكەی دابەشكردوە كە بریتی بوە لە سیانی ساڵی 2019 و پێنجی ساڵی 2020، واتە حكومەتی هەرێم حەوت جار هاوكاری هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت قەرزارە لەو ساڵەدا.