ئێوەن مەترسی بۆ سەر سیادەی خاک و وڵات

بڕیارەکەی دادگای ھەولێر و پاشان پەسندکردنی لە دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر، لە بڕیاری دادگاکانی وڵاتی تورکیا سەبارەت بە ھەمان کەیس توندترە.
ئەو یاسایەی رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینانی پێ سزا دراوە بریتییە لە مادەی ١٥٦ لە یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی عێراقی و ھەموارکراوی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.
یاساکەی عێراق بەم شێوەیەیە: ھەرکەسێک بە ئەنقەست ھەستێت بە ئەنجامدانی کارێک بەمەبەستی زیانگەیاندن بە سەروەری ولات یان یەکپارچەیی خاکەکەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
ھەمان یاسای لەژێر ناونیشانی یاسای ژمارە٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ لە دانیشتنی ژمارە ٣٣ رۆژی ٢٠٠٣/٩/٢٥ ھەموار کراوەتەوە بەم شێوەیە دارێژراوەتەوە (ھەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست لە کارێک تێوەگلێ بەمەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە ھۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بەبەندکردنی ھەتا ھەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت).
ئەگەر بەڕاستی ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، سیستمی دادوەری ھەرێم پێویستە پێش ھەموو کەسێک سەرانی حکومەتی ھەرێم بەو یاسایە سزا بدات، چونکە ئەوە ئەوانن زیان بە سەربەخۆیی وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەی دەگەیەنن، بە کردەیی خاکی باشوری کوردستانیان پارچە پارچە کردووە، ھەر رۆژە و سوپای وڵاتێکی دراوسێ بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا دەکات، دیارە ئەوەش زیانێکی گەورەی بە سەربەخۆیی ھەرێم گەیاندوە، ئەوەش راستییەکی حاشاھەڵنەگرە و بە رۆژی رووناک دیار و بە بەرچاو ھەموو جیھان و گەلی کوردستان ئەو کارە دەکەن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئاخۆ ئەو کارەی یان ئەو تاوانەی کە چالاکوانانی بادینانی پێ سزا دراوە و لە یاسادا ئاماژەی پێکراوە ئەنجام دراوە یان نا؟ بێگومان ھیچ رووداوێک رووی نەداوە کە پشتی بەو بەڵگانە بەستبێت کە ئەو چالاکوان و رۆژنامەوانانەی پێ تۆمەتبار کراوە، لە کاتێکدا ھیچ تاوانێک رووی نەدابێت، چۆن دەکرێت تاوانبار ھەبێت، یان کەسانێک بە تاوانبار لەقەڵەم بدرێن!
حکومەتی ھەرێم نوێنەرایەتییەکی گەمژانەی تورکیا دەکات لە باشووری کوردستان و بە کردەوە بوەتە ویلایەتێکی ملکەچی تورک، بۆیە دەبینین ھەمان تۆمەت لە تورکیا خۆی سزاکەی نیوەی ئەو سزایەیە کە دادگای ھەرێم بۆ ئەو تۆمتبارانەی بڕیوەتەوە.
لە بەندی یەکەمی یاسای ژمارە٢٢٠/٧ی لە یاسای سزادانی تورکیا کە تایبەتە بە سزای ئەو کەسانەی کە یارمەتی رێکخراوێکی چەکدار دەدەن ھاتووە:
سزای کەسێک کە بە ئاگاییەوە یارمەتی رێکخراوێکی چەکدار دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوانێک، تەنانەت ئەگەر پەیوەندی بە بەرپرسانی رێکخراوەکەشەوە نەبێت. سزای ھاوکاریکردنی ئاگایانەی ئەو کەسەی کە لە دەرەوەی ئەو رێکخراوە بێت و بۆ ئەنجامدانی کارێک یان چەند کارێک زانیاری پێدابن یان ھاوکاری کردبن کە ئەم کارانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
– پێدانی خواردن و خواردنەوە بە رێکخراوەکە.
– فەراھەمکردنی شوێن.
– زانیاری پێدانی ناوچەیی کە رێکخراوەکە تاوانێکی تێدا ئەنجام بدات.
– ھەڵگرتن یان شاردنەوەی کەرەستەکانی ئەنجامدانی تاوان دوای بەڕێوەچوونی تاوان.
– دابینکردنی چەک بۆ رێکخراوەکە.
– پێدانی کەرەستەی دیکە کە ئەنجامدانی تاوان ئاسانتر دەکات.
– یارمەتی دارایی.
– دابینکردن و پێدانی بەڵگە و زانیاری بە رێکخراوەکە.
سزادانی ئەو کەسەی ئەم کارانەی کە لە بڕگەی ٢٢٠/٧ دا ھاتووە بەم شێوەیەیە:
– سزای تاوانبار دەدرێت بە زیندانیکردنی یەک ھەتا سێ ساڵ، کەمیی و زۆریی ساڵەکانی زیندانیرکردنەکە پەیوەندی بە جۆری ھاوکارییەکە ھەیە، دەشکرێت ھەتا سێیەکیش کەم بکرێتەوە.
– ئەگەر رێکخراوەکە چەکدار بێت، سزای سەرەوە لە چارەکێک بۆ نیوە زیاد دەبێت.
بەم شێوەیە دەبینین کە ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ رۆژنامەوان و چالاکوانەکانی بادینان، ئەگەر لە تورکیا بوایەن، سزاکەیان لە یەک ھەتا سێ ساڵ دەبوو، بۆیە پێویستە بڵێین (حکومەتی ھەرێم بووەتە کوچکی گەرمتر لە ئاگر)، ئەوانن کە مەترسین بۆ سەر سیادەی خاک و وڵات.
