ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان هەڵمەتێکی نوێی دەستپێکرد

لڤین:
لە نۆیەمین ساڵڕۆژی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستاندا خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژئاوای سوریا هەڵمەتێکیان بۆ بەفەرمی ناساندنی خۆبەڕێوەبەریەکە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دەستپێکرد و فەرماندەی گشتی سەدەش پشتیوانی دەکات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە تویتێکدا نووسیوویەتی” با بەیانی کاتژمێر هەشت دەستپێبکەین، بۆ پتەوکردنی نیشتمان لە پێناو ئایندەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا”.
فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشڵێت ” هەڵمەتەکەمان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێت و خۆمان دەگەیەنینە هەرچی دامەزراوە هەیە لەسەرتاسەری جیهاندا”.
ئەمڕۆ ماوەی نۆساڵ تێپەڕ دەکات بەسەر شۆڕشی گەلانی سوریا، کە تیادا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان راپەڕینیان دەستپێکرد و هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەدیان لە شارەکانیان دەرکرد و ئیدارەیەکی سەربەخۆیان پێکهێنا.