پۆلیسی هەولێر: لە شەش مانگی رابردوو نزیکەی ٨هەزار تاوان ئەنجامدراوە

لڤین:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند لە ماوەی شەش مانگی راردوودا نزیکەی هەشت هەزار تاوان ئەنجامدراوە و کە زۆرترین تاوان لە مانگی ئایاردا بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئامار و چالاکییەکانی شەش مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی شەش، حەوت هەزار و ٩٨١ تاوان ئەنجام دراوە و پۆلیس توانیویەتی حەوت هەزار و ٣٠٩ دۆسیە ئاشکار بکات و تۆمەتباران بداتە دادگا.
پۆلیسی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە لەو شەش مانگەدا زۆرترین تاوان لە مانگی ئایاردا ئەنجامدراوە کە ١٥٨٢ تاوان بووە و دوای ئەویش لە مانگی حوزەیراندا کە ١٤٥٩ تاوان بووە.
بە گوێرەی ئامارەکان لەو ماوەیەدا لە سنوری هەولێردا ٣٤ تاوانی کوشتن هەبووە و ٢١ رووداوی تەقەکردن ولەو ماوەیەشدا ٦٠٦ سواڵکەر دەستگیرکراون.