فراكسیۆنی هیوای كوردستانی لەبارەی بادینانەوە داوایەكیان لە كازمی كرد

لڤین:

پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی هیوای كوردستانی داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەدواداچوون بكات بۆ پرسی دەستگیركراوانی بادینان.

پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوای كوردستانیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆیان كرد.

فراكسیۆنی هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لەپەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا دەڵێت ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەتەوە و چەندین تەوەری گرنگی تایبەت بە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆیان كردووە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بووە بە دۆسیەی ماف و ئازادییەكان لە كوردستان و داوایانكردوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی زیندانیەكانی دهۆك و بادینان بخاتە گەڕ كە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە.

هاوپەیمانیی هیوا ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆك وەزیران بەڵێنیداوە بە زوویی كێشەی فەرمانگە فیدراڵیەكان، بەنداوەكان و شایستە داراییەكانیی جوتیاران چارەسەر بكرێت و بەدواداچون بۆ هەموو كێشە و گرفتەكانی تریش بكات.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا “چەندین تەوەری تری هەستیار و جێگای بایەخ گفتوگۆكرا لەوانە دژایەتی گوتاری شەعبەوی كە بازرگانی بە ناوی نەتەوە و مەزهەبەوە دەكان و گرنگی كاركردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی دوور لە تەزویر و ساختەكاری. لەو ڕوەشەوە بریاری هەماهەنگی و دیدار و كۆبونەوەی دەوری درا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button