ڕوونکردنەوە سەبارەت بە داخستنی نەخۆشخانەی هیوا دەدرێت

لڤین:

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رونكردنەوەیەكی لەبارەی “داخستنی” نەخۆشخانەی هیوا بڵاوکردەوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، “سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بوەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن،”

باسی لەوەشکرد” ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەمو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێم، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد”چەندین کەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردوە، لەهەمانکاتدا هاوڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەمو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت هەروەها هەمو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەن بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ توشبوانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button