مەلا و فیلمە ئێرانییەکە

فیلمە ئێرانییەکە هێرشێکى راستەوخۆی تێدایە بۆ سەر کەسى مەسعود بارزانى، خراپ پیشاندان و سوکایەتى پێکردنێتى. پەیامێکیشە لەسەر ئەوەى مەسعود بارزانى سیاسەتێکى هەڵەى پەیڕەو کردووە، بەرەنجامى ئەو سیاسەتە هەڵەیە تووشى ئەو حاڵەتەى کردووە. ئەم پەیامە لەگەڵ ئەوەى یادخستنەوەی خودى مەسعود بارزانیە کەئێستا لە خراپترین و لاوازترین قۆناغى سیاسیدایە، لەهەمان کاتدا پەیامێکیشە بۆ کوڕەکەى ( مەسرور بارزانی ) بەتایبەتى و برازاکەى ( نێچیرڤان بارزانى ) و ماڵباتى بارزانى و ماڵباتە سیاسیەکانى دیکەى کوردستان بەگشتى، بەوەى بەتەواوى پشتکردنە ئێران و روکردنە نەیارەکانى ئێران ئەنجامەکەى باش نابێت. هەروەها سەرەڕاى هەموو ئەوانە بەباش پیشاندانى ئێرانە لەوەى پاداشتى خراپە بە چاکە ئەداتەوە، لەتەنگانەدا فریادڕەسە تەنانەت ئەگەر بۆ دۆستى نەیارەکانیشى بێت. ئەمەش رەنگە لەوەوە سەرچاوەى گرتبێت کە ئێران خۆى بەخانەخوێ و خاوەن ماڵ دەزانێت بەسەر هەرێمى کوردستانەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەدا ئەم فیلمە مەسعود بارزانى وەکو خاوەن بڕیار و دەسەڵاتى رەها پیشان ئەدات، لەرێگەى تەلەفۆنەکەى ئەوەوە بڕیار ئەدرێت چى بکرێت، تەنها خۆى بڕیار ئەدات هێزى سەربازى ئێرانییەکان بێن یان تورکەکان یان ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، لەکوردستاندا هیچ دامەزراوە و کەس و حیزبێکى تر لەپرسێکى وا هەستیاردا راى وەرنەگیراوە، کەواتە کاک مەسعود خۆى حاکمى رەها بووە. جگە لەو پەیام و ئاماژانەى کەلەسەرەوە باسکران، ئەم فیلمە نەسوکایەتیە بەگەلى کورد، نەسوکایەتیە بەپێشمەرگە، نەسوکایەتیە بەئاین.

بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى زۆر شەرمنانە وەڵامى ئەو سوکایەتى پێکردنەى فیلمەکەیان دایەوە، مەسرور بارزانى هیچ وەڵامێکى نەبوو. لەکاتێکدا دەبوو ئەم سێ کەسە وەڵامى فیلمەکەیان بدایەتەوە، چونکە لەکاتى شەڕى داعشدا سەرۆکى هەرێم وسەرۆکى حکومەت وسەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایش بوون، دەبوو ئازایانە و روون و راشکاوانە روى راستەقینەى رووداوەکانى هێرشى داعشیان بۆ سەر هەولێر بخستایەتە روو. کە راستەوخۆ ئەوەیان نەکرد، خۆ دەیانتوانى لەرێگەى ئەو کەناڵە میدیایە زۆر وزەوەندانەى کەهەیانە بەفیلمێک وەڵامى فیلمەکەیان بدایەتەوە، چونکە وەڵامى فیلم بەفیلم ئەدرێتەوە، نەک بەمەلا یان بەزوڕنا ژەنێکى ناوخۆیى، کەقسەکانیان لەسنورى گەڕەکانیان تێپەڕ ناکات. باشە بۆچى کاتێک لەناوخۆدا رەخنەیەک لەو بەڕێزانە دەگیرێت، چەندین دیکۆمێنتارى و بەرنامەى دژ ساز ئەکەن بۆ فریودان و ناوزڕاندن، لەسەروى ئەوانەشەوە هەڕەشە و گوڕەشە ئەکەن؟ بۆچى ئامادەن بچن سوکایەتى بەسەرکەوت شمس الدین بکەن و دەنگى باوکى تۆمار بکەن و وەکو گلەیى لەکوڕەکەى بڵاوى بکەنەوە، ئامادەن نێوانى کوڕ وباوک تێکبدەن، کەئەمە تەنها کارى شەیتانە!! بەڵام ئامادە نین بەیەک ووشە باسى حاجى قاسم و ئاغاى ئێرانى بکەن ئەگەر بەحەقیش بێت، کەچى ئامادەن ئێسقانى کورد بەناحەق بشکێنن. ئێوە کەنەتانتوانى راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وەڵامى فیلمەکە بدەنەوە، ئیتر بۆچى مەلایەکى داماو، کۆڵەوار لەزانست و رۆشنبیریى، بەپێ خاوسى دەیخەنە نێو دڕک وداڵى سیاسەت و ئەیکەن بەگژ بابەتێکى وادا؟ بێئاگا لەروداوەکان و نەشارەزا لەرەوتى مێژوو و ململانێکان، لەپێناو خۆبردنە پێشەوە یان دەستخۆشیەکى ئێوەدا دەکەوێتە سەروگوێ شکاندنى راستیەکان، پیرۆزکردنى دەسەڵاتدار و شێواندنى دەقەئایینییەکان و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستێکى دنیایى کەسیى، دواجار دروستکردنى ناکۆکى و دووبەرەکى لەنێوان نوێژخوێنان.

کەواتە، ئەگەر ئەو فیلمە سوکایەتیکردنە بەمەسعود بارزانى دەبوو لەجیاتى مەلا خۆى وەڵامى بدایەتەوە جا بەراستەوخۆ بوایە یان ناڕاستەوخۆ، خۆ ئەگەر سوکایەتیە بەپێشمەرگە کەمن واى نابینم، ئەوا هەر دەبوو خۆى وەڵامى بدایەتەوە، چونکە لەوکاتەدا فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بوو، وەکو چۆن وڵاتان کاتێک سوکایەتى بەسەرۆکى وڵات یان یەکێک لەرەمزە نیشتمانیى و نەتەوەییەکانیان دەکرێت، کەسى یەکەمى وڵات خۆى وەڵام ئەداتەوە، لەرێگە دیبلۆماسى و کەناڵە جیاجیا کانەوە ناڕەزایەتى خۆیان ئەگەیەنن، نەک لەرێگەى مەلا و مزگەوتەوە بیکەن بەهەرا، چونکە نەمزگەوت شوێنى نمایشکردن و باسکردنى فیلمە، نە وەزیفەى مەلاش ئەوەیە بەشان باڵى دەسەڵاتداراندا هەڵبدات، لەجیاتى ئەمە دەبێت ئامۆژگارییان بکات و رێگەى راستیان پیشانبدات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button