کێ لەدۆخى دادگاکان بەرپرسیارە؟

من پێشتر ووتومە و ئێستاش دووبارەى ئەکەمەوە، دادوەریى لەکوردستاندا هەرچەند ناوى نراوە دەسەڵات، بەڵام دەسەڵات نیە، بەڵکو دەزگایەکى پاشکۆى دەسەڵاتى جێبەجێکردنە، چونکە تا ئێستا نەمانبینیوە یان نەمانبیستووە کە لەبەرامبەر دەسەڵاتى جێبەجێکردندا رایەکى پێچەوانەى هەبێت، وە لەبەر ئەوەى کەوتۆتە ژێر هەژموونى دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە، بۆیە دەرەنجام وویستى ئەم دەسەڵاتە جێ بەجێ دەکات، جا ئیتر باسى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیى دادگاکان چۆن ئەکرێت با بکرێت!! من ئەوەندە ئەزانم لەم لا دادگاکان ناتوانن فەرمانى ماڵباتەکەى ئەملا جێبەجێ نەکەن، بەدڵنیایەوە لەولاش ناتوانن فەرمانى ماڵباتەکەى ئەولا جێبەجێ نەکەن، بەڵام ئەوانەى ئەولا دەتوانن تەنانەت دژى ماڵباتەکەى ئەملا بوەستن، بەهەمان شێوە بۆ ئەمانەى ئەملاش بۆ ماڵباتەکەى ئەولا، ئەمە واقیعەکەیە ئەگەر خۆمانى لێ هەڵە نەکەین!!
سەبارەت بەو دادوەرانەش کەلەدادگاکاندا کار دەکەن، بەیەکێک لەم رێگایانە بوون بەدادوەر:
1- هەندێک لەدادوەرەکان پەیمانگاى دادوەریى بەغدادیان تەواوکردووە لەسەردەمى حیزبى بەعسدا، و پاشان بوون بەدادوەر، ئەمانە هەرچەندە ژمارەیەکى کەمیان ماوە و زۆربەیان خانەنشین بوون، لەرووى پیشەکەیانەوە دادوەرى زۆر باشیان تێدایە، بەڵام لەرووى وەلائەوە، وەلائیان بۆ هەردوو پارتى دەسەڵاتدار هەیە.
2- هەندێکى دیکە لەدادوەرەکان بەتاقیکردنەوەیەکى رۆتینی و بێ ئەوەى پەیمانگاى دادوەریى بخوێنن، بوون بەدادوەر، ئەم بەڕێزانە لەسەر بنچینەى تەزکیە و پشکى حیزبی لەنێوان یەکێتى و پارتیدا دابەشکراون، هەندێک جار بەشى یەکگرتوو و کۆمەڵیشیان لێ داوە و چەند کەسێکیش لەم دوو حیزبە کراون بەدادوەر بۆ ئەوەى بێدەنگیان بکەن.
3- هەندێکى تر لەدادوەرە بەڕێزەکان پاش تەواوکردنى پەیمانگاى دادوەریى لەکوردستان بوون بەدادوەر. تەزکیەى حیزبى و نزیکى لەحیزب وەکو بنەمایەک پەیڕەوکراوە، بۆ وەرگیران لەم پەیمانگایە،بۆیە دەتوانم بڵیم لە (90%) بەرەو سەرى وەرگیراوان لەم پەیمانگایە، بەپێودانگى حیزبى بوون و لەسەر بنەماى نزیکى بووە لەحیزب. زۆربەى زۆرى وەرگیراوانیش لەلایەن یەکێتى و پارتى کاندید کراون یان پشتگیریى کراون. بۆ بێدەنگ کردنى گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ پشکیان پێدراوە ئەگەر بەژمارە کەمیش بووبێت.
ئەمە دۆخى راستەقینەى دادگا و بوونە بەدادوەرە لەکوردستاندا، یەکێتى و پارتى دادگاى پێداچوونەوەیان نیوە بەنیوە لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە. هەرچى دادگاکانى دیکەیە، ئەوا زۆربەى زۆرى دادوەرەکانى زۆنى زەرد پارتین یان نزیکن لە پارتى، ئەوانەى سەوزیش یەکێتین یان نزیکن لەیەکێتى، لێرەو لەوێش دادوەرى نزیک لەحیزبەکانى دیکە هەیە.
– ئەم دۆخە چۆن چارەسەر بکرێت؟
ئەو حیزبانەى لەدوێنێوە خەریکى بەیاننامە خوێندنەوەن و شین و واوەیلەیانە لەدەستى نادادى دادگاکانى ژێر دەستى پارتى، دەبێت بزانن و دان بەوەدا بنێن: یەکەم، دۆخى دادگاکانى زۆنى سەوزیش ئەوەندە باشتر نیە، چەند کەس لەخۆپیشاندانەکانى 2011 و خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەدا کوژرا؟ ئەزانن بەتەنها کێ حوکمدرا ؟ کوڕێک بەناوى بیلال و ابراهیمى کاکە، ئەمانە هەردووکیان گۆڕان بوون، ابراهیم لەبەرئەوەى وازى لەگۆڕان هێنا ئازاد کرا، بەڵام بیلالیان هێشتەوە! دووەم، ئەمە دەرەنجامى کارەکانى خۆیانە، ئەوان دەیانتوانى لەجیاتى پشک پشکێنە لەگەڵ پارتى و شەرعیەتدان بەکارە خراپەکانى پارتى، پێداگربوونایە لەسەر چاکسازیى کردن لەدەزگاى دادوەریى. لەجیاتى ئەوەى پشک بەخۆیان بدرێت، فشاریان بکردایە پشکى پارتیش نەمایە! دەیانتوانى لەجیاتى هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و یاساى تیرۆر بەدڵى پارتى یاساى دەسەڵاتى دادوەرییان هەموار بکردایەتەوە، یان یاسایەکى باشتریان بۆ دەسەڵاتى دادوەرى دەربکردایە، ئەوکاتەى رازیبوون یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و تیرۆر بەدڵى پارتى هەموار بکەنەوە، دەیانتوانى لەجیاتى وەرگرتنى پۆست و پارە، هەموارکردنەوەى یاساى دەسەڵاتى دادوەریى و یاساى داواکاری گشتى و یاساى ئەنجوومەنى ئاسایشیان لەگەڵ ئەو دوو یاسایەدا بکردایەتە یەک پاکێج. ئەمانە دەیانەوێت، لەگەڵ موعاویە بن و بۆ عەلیش بگرین!! کەواتە چى بکرێت؟
یەکەم: یاساى دەسەڵاتى دادوەریى هەڵبوەشێنرێتەوە، یاسایەکى هاوچەرخ بۆ رێکخستنى دەسەڵاتى دادوەریى و دادگاکان دەربکرێت، بەجۆریک سەربەخۆیى شکۆ بۆ ئەم دەسەڵاتە و دادگاکان بگێڕێتەوە و لەدەستى دەسەڵاتى جێبەجێ کردن و حیزب قوتاریان بکات. لەم یاسایەدا سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەریى و ئەندامانى دادگاى پێداچوونەوە لەپەرلەمانەوە شەرعیەت وەربگرن و دابمەزێنرێن، بۆ ئەوەى نەکەونە ژێر رکێفى دەسەڵاتى جێبەجێ کردنەوە.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەى یاساى داواکارى گشتى، ئەم دەزگایە بەیاسایەکى هاوچەرخ رێک بخرێت، بۆ ئەوەى سەربەخۆ و کاریگەر بێت. سەرۆکى ئەم دەزگایە لەپەرلەمانەوە شەرعیەت وەربگرێت و دابمەزێنرێت.
سێیەم: رێکخستنەوەى پەیمانگاى دادوەریى، ئەم پەیمانگەیە لەلایەن تیمێکى بیانى پڕۆفێشناڵەوە سەرپەرشتى بکرێت، ئەم تیمە پێوەر و بنەماى وەرگرتن دابنێن و جێبەجێى بکەن، بەهاوکارى دەمەزراوەکانى دەوڵەت، بۆ ئەوەى قوتابى لەسەر بنەماى توانا و لێهاتوویى وەربگیرێت، نەک بەهۆى وەلائو نزیکى لەحیزب.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button