ئەدهەم بارزانی: دەگەرێمەوە هەرێمی کوردستان

لڤین:
ئەدهەم بارزانی رایگەیاند، دەگەرێتەوە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت لەسەر هەڵوێستەکانی دژی هێرشی سوپای تورکیا سورە و رۆشتنەکەشی لە هەرێمی کوردستان بە هۆی نەخۆشیەوە بووە.
ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارزانی رایگەیاند: دوای ئەوەی بە مەبەستی سەفەر و ھەندێک چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەیەک لەدەرەوەی کوردستان بووم ئێستا بە لوتفی پەروەردگاری مەزن باشم بەرەو وڵات و خاکی پیرۆزی نیشتمان لە ماوەیەکی کەمدا دەگەڕێمەوە .
هەرچەندە لە کاتی بەجێهێشتنی کوردستان رایگەیاندبوو کە ئەو بە هۆی هێرشەکانی تورکیا و بێ هەڵوێستی پارتیو خێزانی بارزانیەوە هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشتووە بەڵآم بە راگەیەیندراوێک دەڵێت “ئەو سەفەرە، لە راگەیاندنی کوردستان و دەرەوەشدا کۆمەڵێک دەنگۆی زۆر و راو بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازی لێکەوتەوە”.
ئەو دڵنیایی دەدات کە “کوردستان وارگەی پیرۆزی منە و تەنانەت مردنیش من و وڵات لەیەک دوور ناخاتەوە”.
ئەو روونیدەکاتەوە “ھەڵوێست و بۆچونەکانم گۆڕانکارییەکیان بە سەردا نەھاتووە و ئەوەی داکۆکی لێ دەکەمەوە ئەوەیە، کە لای من پرسی پارێزگاری لە نیشتمان و هەڵوێستی دژە داگیرکاری، بڕیاری هەمیشەیین و من بەردەوام لەسەر ئەو هەڵوێستە دەمێنمەوە و هەرگیز لەو هەڵوێستە نشتمانیانە پاشەکشە ناکەم” .
ئەدهەم بارزانی رۆژی 29ی ئایاری2021 هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت و پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە کردبوو “کوردستان کەوتووەتە بەر گەڕێکی دیکەی داگیرکاری سوپایی و جینۆسایدی ژینگەیی”.