هاتووچۆی هەولێر شۆفێرێکی خۆی سزادا

لڤین:
بەهۆی سەرپێچی هاتووچۆ و پارککردنی ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی ڕێگا پێنەدراو، هاتووچۆی هەولێر شۆفێرێکی خۆی سزادا.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی شاری هەولێر، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویکردەوە “لەڕوانگەی ئەوەی کە کارمەندان و شوفێرانی هاتووچۆ دەبێت پێشەنگ بن لەجێبەجێکردنی یاسای هاتووچۆ، ئەمڕۆ بەفەرمانی عەمیدی ماف دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر، شوفێری ژمارە24ی هاتووچۆ کە گرتەی پارکردنی ئوتومبێلەکەی لەشوێنێکی قەدەغە بڵاوکرایەوە سزادرا، بەهۆی ئەوەی ئوتومبێلی هاتووچۆی لەشوێنی قەدەغە ڕاگرتبوو”.
ڕوونیشیکردوەتەوە کە “جگە لەوسزایەی سزای ئینزیباتیشی بۆدانرا”.
لەکۆتایشدا هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاندووە “دەستخۆشی لەو هاوڵاتیە دەکەین کە سەرپێچیەکەی وێنەگرتووە و بڵاوی کردووەتەوە”.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وێنەی ئۆتۆمبێلێکی هاتووچۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاوکرایەوە کە لەشوێنی قەدەغە کراو ڕاگیرابوو، ئەوەش کاردانەوەی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و داوایانکرد کە تەنها هاوڵاتیان لەسەر سەرپێچیی سزا نەدرێن.