سەفین دزەیی: قۆنتەراتچییەکان درەختەکانی بادینان دەبڕنەوە

لڤین:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ئەو درەختانەی لە بادینان بڕاونەتەوە لەلایەن قۆنتەراتچیەکانەوە بووە حکومەتی تورکیایان ئاگادار کردووەتەوە.

سەفین دزەیی، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند “هۆکاری گرژی نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی پێشمەرگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێزەکانی پێشمەرگە ویستوییانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر چۆڵیان کردبوو”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد: کاتێک کە بڕیاردرا لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش پێشمەرگەکان لە هەندێک شوێن بکشێنرێنەوە و بچنەوە شوێنەکانی خۆیان بەداخەوە پەکەکە ئاستەنگی دروستکرد لە زۆر شوێن بەو مانای کە ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە و ڕێگە نادەن کە پێشمەرگە بچێت، وە زۆر جاریش باس لەوە دەکەن بەبێ ئاگاداری ئێمە جموجۆڵیان کردووە بێ ئاگاداری ئێمە دێنە ناوچەکانی ئێمە، بە ڕاستی ئەوە قابیلی قبوڵ نییە ئەمەش گرژی دروست کردووە.

هەرچەندە چەند جارێک پەکەکە لە بەیاننامەکاندا جەختییان کردۆتەوە کە بە تەقەی ئەوان ئەو پێشمەرگانە گیانیان لەدەست نەداوە بەڵکو بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بووە، لەبەرامبەردا دزەیی دەڵێت “لە بەرزایەکەوە لە ئوتومبێلەکەیانداوە، وە بەپێی ئەو زانیاریانەی هەواڵگری و ئەو تیمەی کە چوون کەشفیان کردووە، دوای ئەوەش تەقەکردن بەردەوام بووە و سێ تەرمی پەکەکەش لەوێ بەجێماوە، پەکەکە دەڵێت ئێمە تەقەکردنی ئینزارمان داوە کە زیاتر نەیەنە پێش بەڕۆکێت تەقەیانکردووە نەک بە چەکی تر.”

دزەیی ئەوەشی وت “حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ و پێکدادان و گرژی نیین بەڵام دەبێت پەکەکەش دان بەخۆیدا بنێت و بەخۆدا بچێتەوە خۆی بە خاوەن ماڵ نەزانێت چونکە پەکەکە خاوەن ماڵ نییە لێرە بەڵکو پەکەکە لە باکورەوە هاتۆتە ئێرە و دەیەوێت ئیدارە و ئیرادەی خۆی فەرز بکات لەسەر هەرێمی کوردستان، لە ناوچەی قەندیل کۆمەڵێک گوند لەو ناوچانە هەیە لێناگەڕێت خزمەتگوزاریان پێبگات، پەکەکە ئیدارەی خۆی فەرز کردووە، دادگا و زیندانی خۆی داناوە و ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لەوێ لە قوتابخانەکان بڵاودەکاتەوە ئەوانە بە ڕاستی قابیلی قبوڵ نییە.”

بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم وتیشی “لە بنەڕەتدا مۆدەی ئەو جۆرە خەباتە نەماوە چونکە تەکنەلۆژیای سەردەم وایکردووە بە کامێرا و بە درۆن و ئەوانە خاڵ بەخاڵ کەشف دەکرێت بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتن بەدەست نایەت زیاتر لەماڵوێرانی و ئاوارەیی و گیان لەدەستدانی ئەو گەنجانەی بە باوەڕەوە ڕوویان لە چیا کردووە و چەکیان هەڵگرتووە ئەوان زەرەرمەندی یەکەمن.”

لەو دیدارەدا سەفین دزەیی لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئێوە وەک هەرێمی کوردستان بڕوا بەو پاساوەی تورکیا دەکەن بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ؟ دەڵێت “مەسەلە لێرە بڕوا نییە خۆیان لەگەڵ بەغدادیش هەمان قسەیان کردووە وتویانە فەرموو حکومەتی فیدراڵی ئەو ناوچانە لە پەکەکە پاکبکەنەوە یاخود کۆنتڕۆڵ بکەن یان بەلایەنی کەمەوە ڕێگە نەدەن پەکەکە هێرشمان بکاتە سەر ئەو کاتە پێویست ناکات کە ئێمە لەوێ بین ئەوە قسەی تورکیایە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ بەغداد و لەگەڵ ئێمەش”.

لەبارەی بڕینەوە درەختەکانی سنوری بادینان دزەیی دەڵێت: ئەوە کارێکی زۆر زۆر ناڕەوا و ناپەسەند و دوورە لە هەموو عورف و عاداتی دیپـلۆماسی و دراوسێتی و بە هەموو شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ئێمە ناڕەزایەتی خۆمان بە چەندین ڕێگای تایبەت و فەرمی ئاگاداری لایەنەکانی تورکی کردۆتەوە لە هەمان کاتیشدا ئەوەی کە لێی ئاگادار کراینەوە دیارە هەندێک ڕێگای سەربازی بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشن یاخود ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسان بێت، ئەو قۆنتەراتچییانەی کە ئیشەکان دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە، وە ئیستغلالیشیان کردووە داری تریش ببڕن بۆ ئەوەی کە سوودی لێوەربگرن ئێمە لەگەڵ پارێزگای دهۆک لەگەڵ والی شرناخ لە ڕێگەی کونسوڵیە ئاگاداری لایەنە فەرمییەکانمان کردۆتەوە کە ئەوە قابیلی قبوڵ نییە لایەنەکانی تریش لە بەغداد لە سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان لە حکومەت ئەو ناڕەزاییە دەربڕاوە.”

دزەیی ئەوەشی وت” ئێستا پێدەچێت کە دەست بپارێزن و ئەو کارە (داربڕین) ڕابگیرێت ئەگەر هەروا بەردەوام بێت ڕایبگرن شتێکی باشە بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت بێت و دەستپێبکاتەوە ئەو کاتە هەڵوێستمان دەبێت، داربڕینەکە وەک وتم ڕاگیراوە و بڕیاریشە لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزگای دهۆک و شرناخ دابەزێت و بەدواداچوونێک بۆ ئەو کارە بکەن. ”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button