بافڵ تاڵەبانی: لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینان داوامانکردووە پێداچونەوە بکرێت

لڤین:
هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردووە پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی هەرێم.
بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەكشەممە پێشوازی لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و لە بارەی چەند تەوەرێکی جیاواز گفتوگۆیان کرد.
تاڵەبانی لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینان وتیی: لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی ڕێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەش داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردووە پێداچوونەوە بەم بڕیارانە بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی دیموکراتی لە ھەرێمەکەمان.
هاوسەرۆکی یەکێتی وتی: یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و دەمانەوێت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکانمان ھەرچەند لەیەکتر دووربن، بەڵام دواجار ھەمووی بخەینە خزمەت کوردستان”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی ئەو باسی لە هەوڵەکانی حزبەکەی کرد بۆ یەکڕیزی لایەنەکان و داوایکرد چیتر مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان چونکە بەرژەوەندی هەرێم لەسەروو ھەموو ناکۆکییەکانەوەیە.
هاوسەرۆکی یەکێتی رێککەوتنی حزبەکەی و گۆڕانی بەسەرەتای یەکخستنەوەی ماڵی کورد وەسفکرد وتیشی “دەمانەوێت لەو ڕێگایەوە پێگەی کورد لە بەغداد بەھێزبکەین و مافەکانمان بەدیبهێنین. خواستیشمانە ئەم بەرە نیشتمانییە فراوانتر بکەین”.