سوپای تورکیا؛ هەڕەشەی سەر ئۆکسیجینی سیەکانمان

 

(١)

سوپای تورکیا کۆمپانیای داربڕەوەی لەگەڵدایە و لە بەرواری باڵا و دەڤەری زاخۆ داری چیاکان دەبڕنەوە، دەیبەنە تورکیا و دەیفرۆشن.
(( سەرچاوە؛ رێڤینگ هروری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی هەینی))

(٢)

هروری کە پەرلەمانتاری لیستی زەردە و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەشە لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی ” پێشتر بەیانی هەتا ئێوارێ لەناو (نزارێ تاوی) گەڕابایت، ئاسمان و رۆژت نەدەدیت، ئێستا یەک داری لێنەماوە، هەمووی بڕایتەوە”.
(( ئەوە قسەی پەکەکە نیە، پارتیەک وادەڵێ))

(٣)

ئەو قسانەی هروری دەبووایە (سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان، پارتە سیاسیەکان، مامۆستایانی ئاینی، ژینگە پارێزان، کۆمەلگای مەدەنی، مامۆستایانی زانکۆ..) هەموو خەلکی کوردستانی بهێنابایە دەنگ.
(( سروشتی کورد گۆڕاوە، تێکچووە، حەقە کۆمەڵناسەکان قسەیان هەبێت، لێکۆڵینەوەی نوێ لەسەر ئێمە بکەن، پێمان بڵێن بۆچی ئەوەندە بێ هەستین بەرامبەر ئەو هەموو تەجاوزەی بەرامبەرمان دەکرێت))

(٤)

باشە بۆچی راگەیاندنەکان گرنگیان بە قسەکانی هروری نەدا؟! حەق بوو سرە بۆ چاوپێکەوتنی گیرابا.
((حەوزی راگەیاندنی کوردی پرە، گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی بێسود، قسەی سواو))

(٥)

دەمێکە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێم کە بۆچی خەلکە باشەکەی ئەو هەرێمەش ئەوەندە بێدەنگە لەبەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژیانەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی ئێمە دەیکات؟!
(( کورد لە سەرنشینەکانی کەشتیەکەی فیلمی تایتانیک دەچێت، کە مرۆڤە هەرەباشەکانی وەک گروپە مویزیک ژەنەکەی ناو کەشتیەکە، بێباکن لەوەی چی لە دەورووبەریان روودەدات))

(٦)

باشە ئەگەر سوپای ئیسرائیل چەند دارخورمایەکی کەرتی غەزەی بڕیبایەوە، هەڵوێستی حیزبە ئیسلامیەکان و، مامۆستا ئاینەکان و دکتۆر عەلی قەرەداغی چی دەبوو؟!
(( رەنگە بەرامبەر زوڵمی تورک فەبی قەلبیهی زالیکە ئەزحەفول ئیمانیان هەڵبژاردبێت))

(٧)

لەناو یەکێک لە هۆزە سەرەتاییەکانی ئەفریقیادا، کۆمەڵێک سۆسیۆلۆژی لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام دەدەن، خواردنێک لەبنی دارێک دادەنێنن، بەکۆمەڵێک زارۆک دەڵێن کێ یەکەم کەس گەیشتە بندارەکە، ئەبێتە خاوەنی خواردنەکە، ئەوەی چاوەڕوانی ناکەن ئەوەیە کە منداڵەکان لە کاتی ڕاکردندا دەستی یەک ئەگرن و، بەیەکەوە رائەکەن بۆ ئەوەی هەموویان بەیەکەوە بگەنە خواردنەکە!

پێشکەوتن بەقەد گەرانەوە بۆ سروشتی مندڵی و خێڵە سەرەتایەکان دەرمانی برینەکانمان ناکات، بەحیسابی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم بێت، لەساڵی دووهەزار و حەڤدەوە سەدا حەفتاونۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان خوێندەوارە، دەی ئەگەر خوێندەواری باشە، بۆچی ئێمە، ئەو سەدا حەفتاونۆیە وەک ئەو زارۆکانەی ئەفریقیا دەستی یەکتر ناگرین، بۆئەوەی بەرگری لە ئۆکسیجینی سیەکانمان بکەین!

(( ئەدی لەسەرەتایی فێرنابین کە ئەو دارانەی سوپای تورکیا دەیانبڕی، ئۆکسیجینی سیەکانمان دابین دەکەن))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button