نامەیەکی کراوە بۆ کاک جەوهەر ئاغای هەرکی

لڤین: شێخ ئەحمەد شێخ عەبدولکەریم

برای بەڕێزم کاک جەوهەر ئاغا، دەزانیت سێ ساڵە یەک دەناسین و هەمیشەش سوود و بەرژەوەندی جەنابتم ویستووە.

جەنابی ئاغا لە تورکیاش باسی ئەوەم بۆکردی، کە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ کاک سیداد دانیشە و داواکاری خۆت جێبەجێ بکە، بەڵام مەچۆ سلێمانی.

بەداخەوە گوێت لە ئێمە و برایانی تر نەگرت و چووی، تۆ کە لەسنووری پارتی ئاغا و خاوەن دەوەخان و نفوز و خەڵک بووی، لە سلێمانی بووی بە میوان و لە هۆتێل دەمایەوە، بە چ حاڵێک تا خانوویەکی ٢٠٠ م بۆت دابینکرا.

برام کاک جەوهەر ئاغا کە تۆم بینی لە ژورێکی ٤x٣ دا پێشوازی سێ چوار میوانت دەکرد، گریانم هات، گوتم چۆن دەبێت برایەک و ئاغایەک ئەوهای لێبێت، لە کاتێکدا پێشتر لە دیوەخانە گەورەکاندا بەسەدان دەهاتنە خزمەتت.

برای خۆشەویستم ئێستاش درەنگ نییە و ” بەرد لە جێی خۆی سەنگینە ” لەگەڵ پارتی دابنیشە، ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەبێت لەگەڵ پارتی ئاشت ببیەوە، چونکە سنوور و خەڵک و عەشیرەتی هەرکی لە سنووری پارتین و لەگەڵ پارتین، تۆ ئەگەر ئێستا بووی بە یەکێتی، بیرت نەچێت هێواش هێواش خەڵکەکەت لێت دوور دەکەونەوە و ئیتر تۆ دەبیە ئاغای کەمینەیەکی هەرکی نەک زۆرینە.

برام جەوهەر ئاغا، کاتێک چویتە بەغدا لای بەرهەم ساڵح، پێمگوتی بە چونت بۆلای یەکێتی، شتێک سوود وەردەگری بەس عەشیرەت لەدەست دەدەیت، ئێستاش ئەو قسە دەکەمەوە، کە وەک هاوڕێکانت لە عەنتب و عەممان پێکەوە دانیشتین، هەمان ڕامان هەبوو، کە باشترە خۆت لەدەست نەدەی.

وەک برایەک ئەم نامەم نووسیوە و تەنها بۆ تەوسیقیش بڵاوی دەکەمەوە پێشتریش ئەو قسانەم بۆ کردووی، ئێستایش دەرفەت ماوە بیری لێبکەیتەوە، چونکە تۆ پیاوێکی کۆمەڵایەتیت و دووربکەویەوە لەو ململانێی حزبییە، قازانج دەکەی، نەک خۆت بخەیە نێو شەڕە قسە و جنێوی فەیسبووک.

لە هەر کوێ بیت ئێمە براین و برایەتی دەپارێزین، بەڵام نامەوێت هیچ برادەرێکم بشکێت و جەنابیشت شاهێدی ئەم ڕاستیەی.

 

برات

شێخ ئەحمەد شێخ عەبدولکەریم

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button