بازرگانێكی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ ٩٢ كیلۆگرام مادده‌ی هێرۆیینه‌وه‌ ده‌ستگیركرا

لڤین:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و دەستبەسەردا گرتنی ٩٢ کیلۆگرام ماددەی هیرۆینی له‌ شاری هه‌ولێر راگه‌یاند

له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتووە، ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١ ) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ڕایگەیاندووە، “له‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانمان بۆ بنبڕكردن و نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و دوای به‌دواداچوون و هه‌بوونی زانیاری ورد له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ئه‌مڕۆ رێكه‌وتی ( ٢٣ / ٥ / ٢٠٢١ ) له‌ شاری هه‌ولێر له‌ چالاكیێكی گه‌وره‌دا، توانرا بازرگانێكی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ناوی (ع. ج. ع) ده‌ستگیر بكرێت.”

سەبارەت بە ناسنامەی بازرگانەکە لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دراوه‌، “تۆمه‌تباره‌كه‌ خه‌ڵكی وڵاتی توركیایه‌ و دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی ده‌ستیش به‌سه‌ر ١٨٤ قاڵب مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری هێرۆییندا گیراوه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی له‌ ٩٢ كیلۆگرام پێكهاتبوو.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌پێی مادده‌ی ( ٢٥ ) له‌ یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button