قەرەیلان لەسەر نەخشە زانیاریی لەسەر بەرخۆدانی گەریلا بڵاودەکاتەوە

لڤین:

میدیاکانی نزیک لە پەکەک، ڕایانگەیاند، موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی کۆنفرانسی ڕاوێژی هەڵوێستی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک کرد، کە لەلایەن کەنەکەوە ئامادەکاریی بۆکراوە و لە ئێستادا لەڕێگای تۆڕی زوومەوە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژە بەوەدراوە کە،”لە سەرەتادا سوپاسی کەنەکەی کرد بۆ ئەو دەرفەتی پێیداووە و سڵاوی بۆ بەشداربوانی کۆنفرانس نارد، هەروەها ئەو هەوڵدانەی کەنەکەی بە تێکۆشانێکی گرنگ و پێویست ناوبرد.”

موراد قەرەیلان، بەم جۆرە شرۆڤەیەکی گشتیی کردووە،” ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ هەیە، بەڕێبازێکی نوێ شەڕی جیهانیی سێییەمە، هەموو کەس دەزانێت، دوای ئەو شەڕە ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، لە هەڵدان بۆ ئەوەی لە دیزاینی نوێدا کورد شوێنی نەبێت، پەیمانی ١٠٠ساڵیی لۆزان، دوو ساڵی ماوە و لە ٢٠٢٣ حوکمی نامێنێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەڵێت، ‘لە لۆزاندا ئێمە مافمان پێشێلکرا’، ئەردۆغان خۆی ئەمەی وت، بۆیە ئامادەکاریی دەکەن، دوای پەیمانی لۆزان، سنووری میساقی میلـلیی لەڕووی سیاسیی و یاسایی و سەربازییەوە بخەنە ڕۆژەڤ.”

هەروەها ئاشکرای کردووە،”کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە عەفرین هەتا سیدەکان و خواکورک داگیر بکات و زیاتر بەرەوپێش بچێت، ئامانجی دروستکردنی بناغەی ستراتیژیی میساقی میلـلییە.”

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە،”لە بەرامبەر پیلانەکانی دەوڵيتی سەردەست و داگیرکەر، پێویستە ئێمەی کوردیش خاوەن ستراتیژیی هاوبەشی نەتەوەیی بین، ئەگەر نا مەترسیی جدیی لەسەر دەستکەوتەکانمان دروست دەبێت.”

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، جارێکی دیکە جەختیی لەسەر گرنگیی هەڵوێستی ناوخۆیی کردەوە و پشت بەستن بە هەڵوێستیی دەرەکیی ڕەتیکردووەتەوە کە،” ئەم هێرشانە بەبێ پشتیوانیی هێزی نێودەوڵەتیی پێکنەهاتوە و بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا فڕۆکە ناتوانێت بەسەر ئەم خاکەدا بفڕێت.”

سەبارەت بە حکومەتی هەرێم،قەرەیلان، ووتویەت،” حکومەتی هەرێم بێدەنگە و هەڵوێستی نادیارە، بێدەنگیی ڕەوایەتیی دەدات بە هێرشەکانی تورکیا و وەک ئەوەیە پشتیوانیی بکات، چونکە ئەو بە چەک تانک و تۆپ هێرش دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بوەڕ بە وتەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن، دەوڵەتی تورک دەڵێت، ‘کێشەم لەگەڵ کوردنییە، بۆ پەکەکە دێم’، وادیارە ئەوان باوەڕ بەو قسانە دەکەن!.

وتویشیەتی،” دەوڵەتی تورک بۆ ساڵێک و دوو ساڵ ناچێتە هیچ شوێنێک، پیلانی ماوە درێژی هەیە، دەیەوێت بمێنێتەوە، تورک ٩٥٠ ساڵە لە ئانادۆڵن، تا ئێستا چ بەڵێنێکیان بە کورد دابێت، جێبەجێیان نەکردوە، نە لە سەردەمی عوسمانیی و نە لە سەردەمی کۆماری تورک، لەکاتی هەر سەرهەڵدانێکدا، بەرەیەکی کورد دەخەنە پاڵ خۆیان و پێکەوە بەرەی سەرهەڵدان تەسفیە دەکەن، بۆیە باوەڕکردن بە وتەکانی دەوڵەتی تورک هەڵەی گەورەیە.

هەروەها، ڕایگەیاندووە،” حکومەتی هەرێم پشتی خۆیان بە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا قایم دەکەن، ئەوەش لە شوێنی خۆیدا نییە، دەوڵەتی تورک ساڵی ١٩٩٤ لەبەرچاوی ئەمریکا و ئەوروپا توانی قوبرس داگیر بکات و تا ئێستاش لەوێیە، ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانیان باش بوو، تورکیا دەستکەوتی گەلی کورد بە مەترسییدار بۆ داهاتووی خۆی دەبینێت، بۆیە گوێ بۆ هیچ کەسێک ناگرێت، دەبێت باوەڕمان بە یەکێتیی خۆمان هەبێت، دەوڵەتی تورک بەدەیان جار کوردی فریو داوە، یارییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد دەکات، دەبێت مرۆڤ ئەم دەوڵەتە بناسێت و مەترسییەکانی ببینن.

قەرەیلان، دووبارە جەختی گرنگیی هەوڵەدانەکانی کەنەکە بۆ یەکسخستنی هەڵوێستی کورد کردەوە و وتی: پێموایە، کاک مەسعود ئەو دۆخە ببینێت، کاتێک هەوڵدان هەبێت، مەترسییەکان لەسەر گەلی کورد دەبینن، هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەرانی یەنەکە و بەڕێوەبەرانی گۆڕان، چاودێریی دۆخەکە بکەن و هەڵوێستی پێویست نیشان بدەن، هەندێک لایەنی سیاسیی وەک زەحمەتکێشان و شیوعی هەڵوێستیان دەربڕیوە، نەک تەنیا باشوور، دەبێت هەموو پارچەکانی کوردستان، حزب هونەرمەند و ڕۆ شنبیر هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی بدەن، ئێمەش وەک پەکەکە بۆ هەموو فیداکارییەک ئامادەین، چی لە ئەستۆماندا بێت، جێبەجێی دەکەین.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، قەرەیلان زانیاریی وردی لەسەر شەڕی ٢٠ ڕۆژەی نێوان گەریلا و هێزی داگیرکەر خستووەتە ڕوو، “ئەو هێرشانەی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایی نییە، سووپایەکی گەورەی هێناوە و چەتەی سووریا ش تیایدا بەشدارن، تەکنیکێکی زۆر بەرفراوان بەکاردێنن، بەردەوام بۆردوومان دەکەن، وەک ئەوەی لەبەرامبەر دەوڵەتێکدا شەڕ بکات، لە شەوی ٢٣ی نیسان هێرشی دەستپێکرد، لە ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیی، وەک ئەوەی چی بەسەر ئەرمەن هینا بەسەر ئێمەشی دێنێت، ئەمە پەیام بوو، بەڵام ئێمەش ئامادەکارییمان کردبوو، دەمانەوێت هێزێکی پرۆفیسیۆناڵ تەکنیکی دووژمن تێکببەین و شکست بە دووژمن بێنین، بەرخۆدانێکی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین”.

وتویشیەتی،” لە هەندێک شوێنی دووژمن لە شوێنی ڕۆژی یەکەمیەتی و هیچ پێشڕەویی نەکردوە، لە هەندێک شوین چەند کیلۆمەترێک هاتوەتە پێش، بەس شەڕ بەردەوامە.

موراد قەرەیلان بە نەخشە زانیاریی لەبارەی بەرخۆدانی گەریلا و ناوچەکانی شەڕەوە داوە بە بەشداربوانی کۆنفرانس، ڕوونیکردەوە ڕەنگی سوور نیشانەی هەبوونی دەوڵەتی تورک و زەرد گەریلایە لەو ناوچانە.

هەروەها، ڕایگەیاند، لە مەتینا، سوپای داگیرکەر هاتوونەتە گردی زەندۆرا، بەڵام نەیانتوانیوە داگیری بکەن و ٢٠ ڕۆژە شەڕ لەوێ بەردەوامە، شەڕی قورسیش لە ئاڤاشینە، گردی مام ڕەشۆی گرتوە، بەڵام هێشتا سەڕ بەردەوامە.

لە کۆتاییشدا جەختیکردەوە، بۆ گەریلا ئامانج سەرکەوتن و ئەنجامێکی مەزنە، ئەگەر هاوکاریی بۆ گەریلا هەبێت، داگیرکاریی تورکیا لێرە تێکدەشکێت، هاوکارییش نەبێت، ڕەنگە درێژ بکیشێت، بەڵام ئامانج تێکشکاندنی داگیرکارییە”ئێمە خەباتی ئێوە بەگرنگ دەبنینین و خەباتێکی پیرۆزە، باوەڕمان هەیە ئەنجامی هەبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button