بۆ تەملیککردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان نابێت پارە لە هاوڵاتی وەربگیرێت

لڤین:

ئەو یەکە نیشتەجیبووانەی لەلایەن کۆمپانیای بەڕێزەوە دروستکراون و نەخشەیان گۆڕاوە یان پارێزەریان دەویت بۆ تەملیک کردن ناچار ناکرێن بۆ ئەوەی کە پارەیان لێوەربگیرێت لەلایەن پارێزەر یان کۆمپانیایەکی دیاریکراوەوە.

ڕەمەزان نامیق کەریم، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان  لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە پرۆژەی یەکەی نیشتەجێ بوونی (گرین سیتی) و هاوشێوەکانی  کە لەئیستادا تەملیک دەکرێن رایگەیاند: هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت خاوەن یەکەکان ناچار بکات بەپێدانی بڕێک پارە لەبری پارێزەر و نەخشەی نوێ لەنووسینگەیەکی دیاریکراو …

سەرۆکی لیژنەکە راشیگەیاند: هاوڵاتی سەرپشکە خۆی کاروباری تەملیککردنی یەکەکەی بەجێ دەگەیەنێت بە بێ پارێزەر  یاخود خۆی پاریزەر بگرێت.

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیەندراوەدا هاوپێچی نوسراوی ئەنجومەن بۆ کۆمپانیای بەڕیز و دەستەی بەوەبەرهێنەران و وەڵامی کۆمپانیاکە و دەستەی وەبەرهێنەرانیشی تیادایە کە رەتی دەکەنەوە ئەو کارەیان کردبێت.

رەمەزان نامیق دەشڵێت: هاوڵاتی ئەگەر گۆرانکاری لە خانووەکەیدا کردووە و نەخشەی نوێی پێویستە لەهەر جێگایەک نەخشەکە ئامادە دەکات سەرپشکە و کۆمپانیا بۆی نیە نووسینگەیەکی دیاریکراو دیاری بکات بۆ ئەو مەبەستە..

ئەوەشی ئاشکراکردووە کە، هەندێک هاوڵاتی پەیوەندیان پیوەکردوون کە بری 800 دۆلاریان لەلایەن وەبەرهێنەرەوە  بۆ ئەو دوو مەبەستە لێ وەردەگیرێت .

بەگوێرەی یەکێک لە نوسراوەکان کە کۆمپانیای بەرێز وەڵامی دەستی وەبەرهێنەرانی داوەتەوە دەڵێت: بەشداربوان سەرپشککراون بۆ ئەوەی خۆیان کارەکانیان رایی بکەن یان بیدەن بە کۆمپانیای راوێژکاری یاسایی میزان عەدالە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button