بۆچی پارتی دژایەتی رێککەوتنەکانی گۆڕان و یەکێتی دەکات؟

لڤین:

یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی نوێیان واژوو کرد و بڕیاریاندا پێكەوە لەژێر ناوی “هاوپەیمانی كوردستان” بچنە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، هەر لەگەڵ ئاشکرا بوونی رێککەوتنەکە هاوشێوەی رێککەوتنەکانی پێشوو پارتی ژێر بە ژێر کەوتووەتە دژایەتی کردنی.

دوای چەند هەفتەیەك لە گفتۆگۆ و کۆبوونەوەی دوور لە چاوی میدیاکان، یەكێتی و گۆڕان تەنیا ئەوەیان بۆ رای گشتی دركاندووە كە هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن كردووە، بەڵام پێدەچێت سەرەتایەک بێت بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری ئەو دوو هێزە سیاسییە.

هاوپەیمانێتییەکە بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی دەبێت، کە ئەوەش پارتی ئەوەندەی تر نیگەران کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست لڤین کەوتووە، پارتی دیموکرات هەوڵ دەدات هاوپەیمانێتییەکە شکست پێ بهێنێت یان لانی کەم لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسیانەی لە سەر پێگەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.

لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009، ئەمە سێیەمین رێككەوتنی سیاسییە كە لەگەڵ یەكێتی ئیمزای دەكات، دوو رێککەوتنەکەی دیکە یەکەمیان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 بوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە.

دواتر لە 17ی ئایاری 2016 گۆڕان و یەکێتی رێككەوتنێكی نوێیان واژوو کرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو “رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان” کە بە رێككەوتنی “دەباشان” ناسراوە.

رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی گۆڕان واژوو کرا.

هەردوو رێککەوتنەکە لەلایەن پارتییەوە دژایەتی کرا، بە تایبەت رێککەوتنی دەباشان، پارتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ راگەیاند بەڵام بەهۆی دۆخی ئەو کاتی یەکێتی و دەستوەردەکانی پارتییەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.

ئێستا پارتی دیموکرات بە هاوکاری هێزە ناوچەییەکان چاویان لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، کار لەسەر ئەوە دەکەن هاوشێوەی رابردوو پارسەنگی هێزە بەلای پارتییدا بشکێتەوە بەڵام پێناچێت ئەو دۆخە بۆ پارتی بەردەوام بێت.

سەرچاوەکەی لڤین باسی لەوەکرد، پارتی لە رێگەی بەشێک لە سەرکردەکانی ناو ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتییەوە هەوڵی ئەوەدەدات ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی ئەو حیزبە لەسەر رێککەوتنەکە دروست بکات تا بەهەر نرخێک بێت بەستنی هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتوو نەبێت.

لە یەکەم کاردانەوەشدا ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵا، لە نووسینێکدا رەخنەی توندی لە رێککەوتنە گرت و لە گرنگی هاوپەیمانێتییەکەی کەم کردەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵا یەکەمجاری نییە رەخنە لە رێککەوتنەکانی یەکێتی و گۆڕان دەگرێت، پێشتریش لە رێککەوتنی دەباشان بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ رێککەوتنەکە نیشاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بەوە تۆمەتبارە کە بە دەست لەپشدانی پارتی دژایەتی هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەو دوو حیزبە دەکات.

هەرچەندە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بە دۆخێکی سەختی کێشە ناوخۆییەکانیدا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی سەر ساحەی سیاسی هەرێم بە نزیکەوتنەوەی لەگەڵ یەکێتی دۆخی ئەو حیزبە بەرەو باشتر دەڕوات.

سەرچاوەکەی لڤین وتیشی، ئاشکراکردنی پەیوەندیکردنی عەبدوڵلای کوێخا موبارەک سەرکردەی دیاری پێشووی گۆڕان بە پارتییەوە لەم کاتەدا پەیوەندی بەو هاوپەیمانێتییەوە هەبووە، چونکە پێشتر عەبدوڵلا داوای کردبوو تا داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن بە فەرمی پەیوەندیی کردنی بە پارتییەوە ئاشکرا ناکات.

ئەوەی بە فەرمی لەسەر رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان باسکراوە، تەنیا ئەوەیە پێکەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام یەکێتی چاوی لەسەر ئەوەیە گۆڕان بگەڕێنێتەوە ناو ریزەکانی خۆی، یان لانی کەم پێکەوە کاری سیاسیی و پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت، بە تایبەت ئێستا بەهۆی نزیکبوونەوەی لە پارتییەوە بەشێکی گەورەی بنکە جەماوەرییەکەی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی لڤین، ئامانجی سەرەکی لە بەستنی هاوپەیمانێتی کوردستان، گیڕانەوەی هاوسەنگی هێزە لە هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بەو قۆرخکارییەی پارتی ماوەی چەندین ساڵە ئەنجامی دەدات، بەوپێیەی تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کۆنتڕۆڵکردووە و سەرجەمیان لەبەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.

سەرچاوەکەی لڤین باسی لەوەشکرد،لەكۆبوونەوەی رابردووی سەركردایەتیدا، هاوسەرۆكانی یەكێتی سەرپشك كران بۆ سەرپەرشتیكردنی هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان و دیاریكردنی كاندیدەكانیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و ئەو سەرکردایەتییانەی ئێستە باس لەوەدەکەن ئاگاداری ڕێککەوتنەکە نەبوون ڕاستنیە چوونکە هەرخۆیان بەشداری کۆبونەوەکەیانکردوە و کۆنوسی کۆبونەوەکش هەیە، نیگەرانییەکانی پارتی زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئێستا بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دژی کراوەتەوە، تەواوی هێزە سیاسییەکان دژی سیاسەتەکانی پارتین و ئامادەنین هاوبەشی بڕیارەکانی بکەن.

هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ یەکێتی لەسەر شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان کردووە ئەوەش وایکردووە تەواوی هێزەکان ئێستا لە یەکێتی کۆبنەوە.

ئەمە جیا لەوە پارتی رێککەوتنێکی پێشوەختەی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان هەیە، لەوانە رەوتی سەدر، کە مەسعود بارزانی وەک مەرجەعی کورد سەیر بکەن و لە دابەشکردنی پۆستەکاندا بە تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو بکەن، بەڵام هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و گۆڕان ئەو رێککەوتنەی پارتی بێ بەها دەکات.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button