ڕووسیا هەناردەکردنی گاز بۆ پۆڵەندا دەستپێدەکاتەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ ماوەیەکی کورت ڕووسیا هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا ڕاگرت، مۆسکۆ دووبارە دەستیکردەوە بە هەناردەکردنی گاز بۆ ئەو وڵاتە.

پۆڵەندا و بولگارییای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، لە ماوەی ڕابردوودا وتیان ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە چیتر گاز ڕەوانەی وڵاتەکانیان ناکات، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەوروپا و ڕووسیادا لەسەر داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا دەیەوێت لەڕێی بەکارهێنانی وزەکەیەوە ئەوروپا دابەش بکات، پۆڵەندای ڕکابەری سیاسیی ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە دەیەوێت قورسترین سزا بسەپێندرێت بەسەر ڕووسیادا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

تۆڕی ئیشپێکەری گواستنەوەی گازی یەکێتی ئەوروپا وتی هەناردەکردنی گازی ڕووسیا بۆ پۆڵەندا بۆ ماوەیەکی کەم ڕاگیرا، بەڵام دواتر دەستیپێکردەوە.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری تۆڕی گازی بولگاریا ڤلادیمیر مالینۆڤ بە ڕۆیتەرزی وت لە ئێستادا گازی ڕووسیا دێتە وڵاتەکەوە.

هاوشێوەی بولگاریا، هەنگاریا و نەمساش وتیان بارودۆخەکە ئاساییە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ” ئامانجی سەرەکی سەرکردایەتی ڕووسیا تەنها داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا نیە، بەڵکو پارچە پارچە کردنی سەرانسەری ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و دەیەوێت لە دیموکراسی بدات.”

بەڕێوبەری ستافەکەی زێلێنسکی، ئاندری یەرماک وتی ” ڕووسیا هەوڵ دەدات لەڕێی بەکارهێنانی وزەکەیەوە یەکگرتوویی هاوپەیمانەکانمان تێک بدات.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button