حەشدی شەعبی هەڕەشە لە تورکیا دەکات

لڤین:

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە موسڵ دایەوە و جەخت دەکاتەوە، کە بەئامانجگرتنی بارەگای حەشد لەلایەن تورکیاوە “بێ وەڵام نابێت”، دەشڵێت: هەبوونی حەشد لە موسڵ دڕکە لە چاوی ئەردۆغاندا.

شەداد تەمیمی، فەرماندەی حەشدی شەعبیی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە موسڵ بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاند: تورکیا لە درێژەی پێشێلکارییەکانیدا بارەگای حەشدی بۆردوومان کردووە، حەشد لەسەر ئەوە بێدەنگ نابێت و لە دژی هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر وڵات بە شێوەیەکی یاسایی هەڵسوکەوت دەکات.

وتیشی:”بێدەنگیی حکومەت لە هێرشەکانی ئەمریکا و تورکیا وایکردووە هاوڵاتیانی مەدەنیی و بارەگای سەربازیی حکومیی بکرێت ئامانج، کە ئەمە کارێکی بێ وێنەیە”.

فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دەشڵێت کە “بوونی حەشدی شەعبی لە موسڵ دڕکێکە لە چاوی ئەردۆغان” و وتیشی: لە هەولێر و بەغدا ئەکتەری سیاسیی هەن کە زانیاریی لەبارەی بارەگاکانی حەشد لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە تر دەدەنە هەواڵگریی تورکیا.

وتیشی:”دەستدرێژییەکانی تورکیا لەسەر پێگەی حەشدی شەعبی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، پێویستە حکومەتیش بەشێوازی جۆراوجۆر وەڵامی تورکیا بداتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی دوێنێ ٢٦ی نیسان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە سنووری موسڵ بۆردوومانی بارەگایەکی حەشدی شەعبییان لە سنووری بەعشیقە کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button