دەبوو ئێستا هاشمییەكان حوكمڕانی سعودیە و مەككە بوونایە كەچی لە ئوردنن كە وڵاتی شامە !

هەر بۆ بەرچاوڕوونی
مێژووی كۆنی فەلەستین سێ سەرچاوەی هەیە؛ گێڕانەوەكانی تەورات، تەسەور و لێكدانەوەی توێژەر و مێژوونوسانی ئەم سەردەمە، خوێندنەوە و شیكاری پاشماوە شوێنەوارییەكان كە كنە و پشكنین تێیاندا بەردەوامە و هێشتا هیچ ئەنجامێكی ڕوون و زەقی نییە. لەنێوان هەر سێ سەرچاوەكەی ئەم مێژووە تاریكەشدا بەریەككەوتن و كەلێن و ناڕۆشنی زۆر هەن و زۆر بەزەحمەت شتی یەكلاكراوەی پشتڕاستكراوەی تێدایە كە جێگای كۆدەنگی هەموولا بێت، بەڵام بەكردەیی مێژووی ناوچەكە لە ئێستادا حیكایەتی زایۆنیزم بەسەریدا زاڵە و هەر گێڕانەوەی ئەویش لە واقیعدا جێبەجێ دەكرێت و ماشێنێكی ئیعلامی گەورەش كار بۆ ساغكردنەوەی دەكات “هاسبارا”.
پوختەی ئەم بەرهەمەی هەردوو توێژەری ئیسرائیلی سیلبرمان و فنكلشتاین “التوراة الیهودیة مكشوفة علی حقیقتها” باس لەوە دەكات چیرۆكی ئیبراهیم و سلێمان و داود و باپیرانی جوو لە فەلەستین هیچ پاشماوەیەكی شوێنەواریی پاڵپشتی ناكات و لەگەڵ سەردەمە مێژوییە زانراوەكان نایەتەوە، بۆ چارەسەركردنی دەقەكانی تەوراتیش وای بۆ دەچێت جوو لەسەر ئەم خاكە هەر هەناوی نەوەكانی كەنعانەوە سەریهەڵدابێت و دواتر لە نووسینەوەكانی تەوراتدا چوارچێوە و حیكایەتیان بۆ دروستكرابێت. ئەوەش دەخاتەڕوو دێرینترین نووسینەوەی تەورات سەدەی حەوتەمی پێش زاینە لەكاتێكدا چیرۆكەكانی هی هەزاران ساڵ بەر لەو وادەیەیە بەتایبەت ئەوانەی پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل.
# دوو سەرنج:
ـ ئەم سەرچاوەیەش هەر بنجبڕ و یەكلایی نییە و تەنها بۆ بەرچاوڕونییە، دەكرێت ئەمەش دیوێك و گیڕانەوەیەك بێت لەكۆی كۆمەڵێك شیكار و خوێندنەوەی ئیسرائیلی و ئەوروپی و عەرەبی بۆ مێژووی كۆنی كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست كە جێگەی مشتومڕی زۆرن، لە هەندێكیشیاندا ئەوەندە دوور ڕۆشتوون پێداگرن لەسەر ئەوەی نیشتمانی ڕەسەنی جوو وڵاتی یەمەنە و خاكی پیرۆزی ئەوان لەوێیە.
ـ باشترە ئەوانەی لەمبارەیەوە قسە دەكەن ئەم ئاڵۆسكانە لەبەرچاو بگرن و حوكمی یەكلایی نەدەن و مێژووش زیاتر بۆ بەرچاوڕونییە ئەگینا دەبوو ئێستا هاشمییەكان حوكمڕانی سعودیە و مەككە بوونایە كەچی لە ئوردنن كە وڵاتی شامە ! .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button