كورسییەكەی سەرۆك وەزیران

هەڵبژاردنی مانگی 10 داهاتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام كێبەركێ لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران كە دواتر پەرلەمان دەنگی بۆ دەدات، باڵی كێشاوە بەسەر دیمەنەكەدا و سەدرییەكان و مالیكی و عەبادی و چەند كەسایەتی و لایەنێكیتر هەر لە ئێستاوە شەڕی سووریانە لەسەری.
مستەفا كازمی لەڕێگەی لێدوانی كەسە نزیكەكانییەوە خۆی خستە دەرەوەی ڕكابەرییەكانی هەڵبژاردن، هەروەها ڕایگەیاند نە خۆی بەشداری دەكات نە پاڵپشتی هیچ لیست و قەوارەیەكیش دەكات، ئەم هەنگاوەش دوو لێكەوتەی هەیە؛ لەلایەك حكومەتێك سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكات كە خۆی بەشدار و ڕكابەر نییە تێیدا و ئەمە لەدوای 2003 بێ پێشینة و ئەرێنییە، لەلایەكیتر ئەگەر نیازی خولی دووەمی هەبێت ڕەنگە مانەوەی لەدەرەوەی ڕكابەرییەكان چانسی زیاتری پێ بدات تا ئەوەی لیستەكەی ببێتە ژمارەیەك لەكۆی كۆمەڵێك ژمارەی گەورەتر.
بەگوێرەی ئەزموونی خولەكانی پێشوو، جگە لەناوخۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران پەیوەست بووە بەسێ جەمسەر كە واشنتۆن و تاران و نەجەف (مەرجەعیەت) بوون، بەڵام لەم قۆناغەدا جگە لەتارمایی خۆپیشاندنەكانی تشرینی 2019، هەڵپەو پێداگری سەدرییەكانیشی هاتووەتەسەر كە خەونی بەدەستهێنانی 100 كورسی و كۆنتڕۆڵكردنی پۆستەكەیان هەیە ئەگەرچی بەدەستهێنانی ئەو ژمارەیە بە ناواقیعی دەردەكەوێت.
نیمچە كردەنگییەك هەیە كە سەدر كە ئێستا بە 52 كورسی زۆرینەیە، ئەگەر بۆ خولی ئایندەش هەر لەپلەی یەكەمدابوو، خۆی ڕاستەوخۆ نایەتە ناو پرۆسەكە، بەڵكە هەر لەپشت پەردە وەك ڕێبەر و ئاستەكەر دەمێنێتەوە چ لە ڕێگەی هەژمارەكەی تویتەر و واتساپەكەی بێت یان نوێنەرەكانی، باوەڕیش وەهایە جەعفەری ئامۆزای هەر لە لەندەن بمێنێتەوە وەك باڵیۆزی عێراق، چونكە لەلایەك تاقەتی دەركەوتن و هەروەها لێهاتوویی ئەو پۆستەشی نییە، لەلاكەیتر لە بەریتانیاوە خەریكی دروستكردنی لینكە بۆ سەدرییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەبەر ئەمەش زۆربەی ئاماژەكان لەسەر ئەوەن سەدر پاڵپشتی لەكەسایەتییەك بكات لەسەر مەرجی خۆی كە هیچ دوور نییە جارێكیتر مستەفا كازمی یان كەسایەتییەكیتری هاوشێوەی مامناوەند بێت.
شیعەكانی ڕكابەری سەدر لەدۆخێكی زۆر بەهێزیدا نین؛ مالیكی كارتی سووتاوە، حەشدەكان ناویان لە دەرەوە بێزراوە و بۆ سەرۆك وەزیران نابن، ئەمەش دەرفەتە بۆ سەدر خۆی وەك جێگرەوەیەكی شیعی نمایش بكات كە پێیوایە نیشتمانی و میانڕەوە، هەندێ میدیاش لە بەریتانیاەوە (ئیكۆنۆمیست و ئەلعەرەب) باس لەوە دەكەن بۆ ئەم مەبەستە سەدر لەگەڵ ئیدارەی بایدن لەپەیام گۆڕینەوەدایە ئەگەرچی بەڕواڵەت بەهەموو جۆرێك دژی ئەمەریكییەكانە و داوای چوونە دەرەوەیان دەكات.
سیستمی هەڵبژاردنی داهاتوو بڕێك جیاوازە، لەلایەك عێراق 83 بازنەیە و لەلاكەیتر خۆ كاندیدكردنی سەربەخۆش هەیە كە دەشێت هەندێك كەس لەدەرەوەی لیستەكان بگەیەنێتە پەرلەمان، بەڵام بەپێی ئەزموون و سروشتی عێراق لەكۆتاییدا باڵادەستی بۆ ئەو لیستانە دەبێت كە كارتی تایفە و دین و چەك و پێگە و ئیمكاناتی دەوڵەتیان لەبەردەستە، هەر لەم سۆنگەیەشەوە پارتی و سەدرییەكان هەوڵی نزیكبوونەوە دەدەن لەچوارچێوەی “تحالف الأقویاء”، هەروەها حەكیم و حەلبوسی چاویان لەسەر جەمسەرەكەیتری هێزە لەكوردستان؛ یەكێتی.
سەرباری باش بەڕێوەچوونی هەموو ئامادەكارییەكان، هیشتا ئەگەرێكی لاوازی ئەوەش هەر هەیە دۆخی ئەمنی رێگە بەسازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدات و بیخاتە وادەی ئاسایی خۆی كە بەهاری ساڵی داهاتووە (2022)، چ ئەوكاتەش بێت یان ئەمساڵ، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە چەقی ململانێ و سەرنجەكان هەر لەسەر كورسییەكەی سەرۆك وەزیران دەبن چونكە ئەو بەرپرسی یەكەمی ڕاپەڕاندن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە ئەگەرچی جارجارەش دەسەڵاتەكەی ڕواڵەتی دەبێت و بە سازانەكان كۆت و بەندكراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button