هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەكرێت؟

بازنەی كشانەوەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی چاوەڕوانكراوی 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەدوای سەدرەوە فراوانتر بوو. بەمدواییانەش حیزبی شیوعی و قەوارەكانی ئەیاد عەللاوی، ساڵح موتڵەگ و زیاتر لە 20 وردە هێزی دیکەی گرتەوە، بەڵام هێشتا دواخستنی پرۆسەكە یان ئەنجامدانی لەوادەی دیاریكراودا، جێگەی مشتومڕە و بەهیچ ئاراستەیەكدا، بەتەواوی یەكلایی نەبووەتەوە.

پاساوی كشانەوەكان لە هەڵبژاردن جیاوازن، سەدر كە دەستپێشخەربوو لە راگەیاندنی بایكۆتی پرۆسەكە، هۆكارێكی روونی نەخستەڕوو، بەڵام باوەڕی زاڵ ئەوەیە کە بۆ پاراستنی رەوتەكەی بوو لە لێكەوتەی كۆمەڵێك شكست و داڕمان لە كەرتی تەندروستی و كارەبا كە سێ مانگ بەر لەوادەی هەڵبژاردن، كاربەدەستە سەدرییەكانی تووشی شەرمێكی گەورە كردبوو. ئەوان چەندین ساڵە كۆنترۆڵی ئەم دوو وەزارەتەیان كردووە. پاساوی عەللاوی و هێزەكانی دیکەی وەك شیوعی و بزووتنەوە و هێزە نوێیەكانی پاش تشرینی 2019، پەیوەستە بە بێهودەیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. ئەویش لە دۆخێكدا كە چەك باڵادەستبێ و پارەو موڵك و ماڵی دەوڵەت لە خزمەت هێزە سیاسییە كاریگەرەكاندا بێت. دیارە ئەمەش چارەسەرێکی دەستودەمی نییە و بەچەندین ساڵی دیکەیش چاك ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ویست و بەرنامەشی بۆ هەبێت.

جیاواز لە بایكۆتی شوباتی 2014، ئەمجارەیان سەدر بەتەواوی خۆی لە كاروباری سیاسی دوورەپەرێز نەگرتووە، ئەوەتا جگە لەبەردەوامی تۆماركردنی لایەنگرانی بۆ پرۆژە سیاسییە كۆمەڵایەتییەكەی (البنیان المرصوص)، لە دەمی سەردانی كازمیشدا بۆ واشنتۆن لە هەفتەی رابردوو، تویتێكی دەستخۆشی كرد بۆ رێككەوتنی گۆڕینی ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا لە شەڕەكەرەوە بۆ ڕاوێژكار، هەندێك لە بەربژێر و كەسە دیارەكانی ناو رەوتەكەیشی بەدووری نازانن کە رێبەرەکەیان لە هەر كات و ساتێکدا بریاری گەڕانەوە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن بدات، چونكە بەگوتەی ئەوان “وڵات پێویستی پێیەتی”، لەلایەكی دیكەشەوە داوا و تكای زۆر لە زۆر لایەنەوە لە سەدر كراوە بۆ ئەوەی پاشگەز بێتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرینی داهاتوو كە ئەگەر سەربگرێت پێشینەیەكی نوێیە لە مێژووی پرۆسەی سیاسی عێراق لە پاش 2003، لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە گەورەیە بڕیاری لێدرا كە خۆپیشاندانی كۆتاییەكانی 2019 ی سەردەمی عادل عەبدولمەهدی هێنایە كایەوە، بەڵام بەشێكی بەرچاو لە هێزە چالاكەكانی ئەم جموجۆڵە هەر لە سەرەتاوە پاشەکشەیان کردووە. بەشی زۆری ئەندازەی یاسا و دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنیش لەلایەن رەوتی سەدرەوە كراوە و وەك كاڵا بەباڵای ئەواندا دووراوە، كەچی ئێستا پاشەكشەیان لێكردووە، ئەمەش دووهۆكاری گەورەن بۆ ئەوەی ئەگەری ئەنجامنەدانی بەهێزتر بكەن بەتایبەت ئەگەر سەدر پەشیمان نەبێتەوە، كە جگە لە هێزێكی جەماوەریی گەورە كە لە چارەكی شیعە زیاترە، باڵێكی سەربازی گەورەشی بەدەستەوەیە (سرایا السلام).

جگە لە حكومەت، ئەوەی بە ئاشكرا پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووترە، لەكاتێكدا ماوەكانی رابردوو دژی سازكردنی بوو، چونكە یاساكە، دەنگەكانی ئەوی پەرتەوازە دەكرد. ئەم پێداگیریەی ئێستای مالیكی دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت، یەكەمیان هەوڵی كەڵك وەرگرتنە لە نەبوونی سەدر كە ركابەری سەرەكی و سەرسەختی مالیكییە یان هەراسانكردنییەتی، لە كاتێكدا ئەو هێشتا لە دۆخی بایكۆتكردندایە. دووەمیشیان تۆماركردنی هەڵوێست و خۆهەڵكێشانی مالیكییە بە دەربڕینی ئامادەیی بۆ هەڵبژاردن لەكاتێكدا کە دڵنیایە ناکرێت، بەمەش دواتر دەیكاتە هەڵوێست و وەک بانگەشە بەکاری دێنێت.

حكومەتی كازمی كە سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات و چارەیەکی جیاوازلە بەرگریكردن لە هەڵبژاردن لەوادەی خۆی نییە، چونكە ئەم حكومەتە لەبنەڕەتەوە بۆ دوو ئەرك هەڵبژێردراوە كە ئەوانیش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بوو. هەر سستییەك یان كەمتەرخەمییەك لەم دوو بوارەدا شەرعیەتی دەخاتە مەترسییەوە و دەیكاتە نێچیر بۆ نەیارە زۆرو زەوەندەكانی، بەڵام باوەڕی زاڵ ئەوەیە کە دواكەوتنی هەڵبژاردن بەرژەوەندی كازمیشی تێدایە، چونكە چەند مانگێكی دیكە تەمەنی كابینەكەی درێژ دەكاتەوە و دەرفەتی زیاتری پێدەدات بۆ بیركردنەوە لە داهاتوودا.

سازكردنی هەڵبژاردن تەنیا لەسەر هەڵوێستە سیاسی و یاساییەكان نەوەستاوە، لایەنێكی گرنگی ئەم پڕۆسەیە ئاسایش و ئۆقرەییە كە ئەویش بەندە لەسەر هەڵوێستی میلیشیا چەكدارەكانی شیعە. ئەم گرووپانە هێشتا لەمشتومڕدان لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامەكانی دیداری كازمی و بایدن، هاوپەیمانە سیاسییەكانی ئەم گرووپانە (فەتح) پێشوازیی لێدەكەن، بەڵام هەندێك لە میلیشیاكان دژی دەوەستنەوە، هەندێكیشیان هێشتا بێدەنگن. زانیارییە دزەپێكراوەكانیش باس لەناكۆكی و دابەشبوون و مشتومڕ دەكەن لەنێوان “ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی موقاوەمە”، تاوەكو یەكلاییبوونەوەی هەڵوێستی ئەوانیش لە حكومەتی كازمی و لە هەڵبژاردنیش لایەنی ئۆقرەیی پرۆسەكە هەر بەتەمومژاوی دەمێنێتەوە.

رەنگە زۆربەی لایەنەكان هاوڕابن لەسەر نەبوونی دەرفەت و زەوینەی سازكردنی هەڵبژاردن لە تشرینی دووەمی 2021، بەڵام روونە هیچ لایەكیان دەستپێشخەری دواخستنی ناكەن بەوپێیەی بە نیشانەی شكست و لاوازی لێكدەدرێتەوە، حكومەتی كازمی و كۆمسیۆنیش دەبێت تاوەكو دواچركە شەڕی لەسەر بكەن. وادیارە ئەوەی کاریگەریش دەبێت لە دواخستنی، زۆربوونی كشانەوەكان و زاڵبوونی بارودۆخەکەیە بەسەر ئەم خواست و وادەیەدا، ئەوەش رەنگە ماوەیەكی دیکەی پێبچێت تاوەكو دەگاتە دۆخی خەمڵین، هەڵبەت ئەگەر پاشگەزبوونەوەی سەدر یان پاڵنەرەكانی سازكردنی هەڵبژاردن بەخێرایی بەئاراستەی پێچەوانە نەكەونە جوڵە!

 

ئەم بابەتە تایبەت بە (RRC): https://bit.ly/3ylNT5l لەلایەن نوسەر ئامادەکراوە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button