مەسرور بارزانی:

هەر گرووپێکی چەکدار لە چوارچێوەی هێزە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت دەستبەجێ دەبێت بکشێنەوە

لڤین:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنوری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.

مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا دەربارەی هێرشەکەی ئەمشەو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێررایگەیاند: بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و  بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم .

ئەو ئاماژەی بەوەکردووە کە  هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار وئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی هەماهەنگیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەشڵێت “هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە”.

سەرۆکی حکومەت ئاشکراشیکرد: لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی کشانەوەی ئەو هێزە نافەرمیانە دەکەم.

بارزانی راشیگەیاند “لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبووسی قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە” .

ئەو هاوشوێوەی هێرشەکەی پیشووی سەر فڕۆکەخانەکە جارێکی دیکە خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە “ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو ، باجی کردەوەکانیان دەدەن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button